گه‌شتێکی کولتووری
گه‌شتێکی کولتووری و ده‌ڤه‌رێکی به پیت
نیوه‌ی دووهه‌می مانگی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ(1394ک.ه) به هاوڕێیه‌تی دۆستانی هێژا کاکه ڕه‌زا عه‌زیزی و کاکه مه‌حموود قوبادی، له گه‌شتێکی کولتووریدا ده‌ڤه‌ره‌کانی: ناوده‌ربه‌ن، بێڵه‌وار، دینه‌وه‌ر، کولیایی و دۆڵی چه‌مچه‌ماڵمان به‌سه‌ر کرده‌وه. له‌م گه‌شته‌دا ده‌ستکه‌وتی فه‌رهه‌نگی و ده‌ڤه‌رناسیی و خه‌ڵک شناسی زۆرمان به نسیب بوو. پێموایه به وردی باس کردنی ده‌ره‌تانی زۆرتری ئه‌وێت. به‌ڵام وه‌ک کلیلی کردنه‌وه‌ی باسه‌کان ئاماژه به چه‌ند ڕه‌هه‌ند و چه‌ند بینراوێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌که‌م. بگره که‌سانێکی دیکه‌ش هه‌بن بیانه‌وێت دوای ئه‌م باسانه بکه‌ون و ئه‌وانیش له پێناو تۆمار کردن و پاراستتنی به‌شێک له فه‌رهه‌نگیی خۆماڵی کورده‌واری تێ‌بکۆشن.
ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی که زیاتر سه‌رنجی منیان ڕاکێشا:
یه‌که‌م: وه‌ک یه‌ک بوون و لێکچوونی ناوی به‌شێک له گونده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه له گه‌ل هی ناوچه‌کانی دیکه‌ی کورده‌واری. بۆ نموونه:
یه‌نگیجه، ته‌خت، خیاران، گه‌ناوه، وه‌نێن، کانی که‌وه، سوورێن، چه‌مچه‌ماڵ و ....
دووهه‌م: ناوه‌رۆکێکی پڕ هه‌ستاوی و دڵ‌بزوێن له گۆرانی هۆره و باقی شیوازه‌کانی گۆرانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه:
ـ کز و کوور نیشتگ پای دیوار وه‌خۆوم
چه‌وه‌یل حه‌ڵقه‌دای شوونه یار وه خۆوم
ـ خوزیا گونکێ بوایتام وه‌ناو سفره و خوانه‌که‌ت
بیاتایدم وه ده‌سا وه په‌نج په‌نجه جوانه‌که‌ت
ـ لێوه‌ی جه‌ماڵت بوویمه بوه‌خشه‌م وه جوانیه‌که‌ت
دڵم بوه خۆڵه‌کوی وه‌رته‌نوور و کوانوه‌که‌ت
ـ ئه‌را نانووری وه حاڵ ده‌ردم
وێنه‌ی ماڵ بڕیای وه شوونت گه‌ردم
ـ کورپه دۆته‌کان ئه‌بروو مه‌ده‌ن ساو
جور سه‌رسه‌وز گه‌ردن دایم توبر ئاو
ـ هه‌ر که‌نی خاسه و شویه‌گه‌ی خراوه
جور ڕۆڵه مردی جه‌رگی که‌واوه
ـ هه‌ر که‌نی خاسه و شویه‌که‌ی وه‌دڵیه
ئه‌یاده بانا و هه‌ی گوڵ هه‌ی گوڵیه
سێهه‌م : خاوه‌ن هه‌مانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌واتای په‌ندی پێشینانن. بۆ نموونه؛ سه‌باره‌ت به ئافره‌ت هه‌یانه:
ـ وه‌ویه‌ک ئه‌توام ده‌نگی دلێر بووت
باوان و خه‌زووران وه‌یه‌کۆ نێر بووت
(بووکێکم ئه‌وێت خاوه‌ن که‌سایه‌تی و ئازا بێت. بتوانێت بنه‌ماڵه‌ی باوانی خۆی و بنه‌ماڵه‌ی خه‌زوورانی پێکه‌وه گرێ بدات و لێکیان نیزیک بکاته‌وه). ئه‌بینین لێره‌دا خواست و نه‌ریتێکی عه‌شیره‌یی و حه‌زی تایفه‌زۆری به‌رچاوه. ژن وه‌ک هێمای ئاشته‌وایی کۆمه‌ڵایه‌تی و کۆڵه‌که‌ی ڕاگرتنی پێکه‌وه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رحه‌زه.
ـ هاوار هه‌ی هاوار ئاگر وه جه‌سه‌م
نه کلوور وه به‌ریان، نه ژن وه قه‌سه‌م
( ........ نه به کلۆی خاک به‌ر به به‌ریانی ئاو ئه‌گیریێت و نه ژنیش به سوێند دان کونترۆڵ ئه‌کرێت) لێره‌ش به قه‌ناعه‌تی من سوێنددان هێمای زۆر و سته‌مه. ئه‌م په‌نده له پشت خۆیه‌وه واتایه‌کی به‌رز بانگچڕ ئه‌کات. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که بۆ ڕاگرتن و له‌خۆ گرتنی ژن، پێویسته دڵی به‌ده‌ست بهێنرێت و ده‌روونی ڕازی بکرێت. ئه‌گینا زۆر و سوێند دان، وه‌ک ئه‌و کڵوه خاکه‌یه که به‌ری ئاوی پێبگریت، ئه‌ویش له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ئه‌توێته‌وه و ئاوه‌که ئه‌یبات......
ـ میمی پیر بووه و گوپی لووچ دایه
خوو مناڵیه‌گه‌ی هه‌ر ته‌رک نه‌دایه
چواره‌م: خاوه‌ن هه‌مانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی وشه و ده‌سته‌واژن
بۆ نموونه: وشه‌ی " جـموور" یان هه‌یه. که بۆ ڕه‌وه‌ند و کۆچه‌ره‌کان به‌کاری ئه‌به‌ن. به واته‌ی پیاوه‌ژیره‌کان، "جموور" واته‌ی گه‌ڕۆک و له‌حاڵی جووڵه ئه‌دات و به‌و خێڵانه ئه‌وترێت که دایم له جووڵه‌دان و کۆچه‌رن. له ڕاستیدا دیاره که ئه‌م وشه‌یه بنه‌مایه‌کی ڕه‌سه‌نی هه‌یه. "جمه" له هه‌ورامیدا واتای جووڵه ئه‌دات. جمه‌ش مێ، واته له جووڵانه‌وه‌دایه. جماره: واته ڕێکه‌وت. جمه‌ره: واته بجووڵه، ڕێبکه‌وه. جمۆره: واته ڕێ ئه‌که‌وێت. که واته ئه‌م وشه‌یه ئه‌توانێت جێگره‌وه‌یه‌کی باش بێت بۆ واژه‌کانی: سیال، متحرک و...
پێنجه‌م: خه‌ڵکانێکی ماندوویی نه‌ناس و تێکۆشه‌رن. زه‌وی و زاری ئاوه‌دان و ده‌شتی به‌پیتیان هه‌یه. بگره به هه‌زاران هێکتار کێڵگه‌ی گه‌نم و زه‌ڕات و گوڵه‌به‌خۆر(گوڵه‌به‌ڕۆژه، ڕۆجیارپه‌رس) و باینجانه سووره‌یان به‌رهه‌م هێناوه و به‌تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری که‌نووله و ته‌خت باخ و باخاتی زۆر و ئاوه‌دانیان هه‌یه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و کشت و کاڵه زۆر و به پیته بێت که ئه‌وانی دڵئاوا و دڵکراوه و میوانخواز بارهێناوه.
شه‌شه‌م: خه‌ڵکانێکی قسه خۆشن. بۆ نموونه: سه‌باره‌ت به دۆخی ئاو له کابرایه‌کی کاڵه‌ک فرۆش پرسیارمان کرد. له وه‌ڵامدا وتی: " ئه‌ی براگه‌م! ئاو نه له ئاسمان مه‌نیه نه له زه‌مین!
حه‌وته‌م: سه‌باره‌ت به پێشینه‌ی ناوچه‌که و ئه‌فسانه و ئوستووره‌کان خاوه‌ن سه‌رنجن. له‌م پێوه‌نده‌دا ئه‌موو مه‌ردان له که‌پرێكدا زۆر بابه‌تی شیرینی بۆ گه‌ڕاندینه‌وه. به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به که‌نووله‌ییه‌کان ئه‌یوت: " یانه ماچوو زوانن. ته‌بعید کریانه. له زه‌مان قه‌دیم دانشمه‌ند داشتنه. ئه‌ڵماس! دانشمه‌ند بیه. یه شانامه نووسایه که له شانامه‌که‌ی فیرده‌وسی قه‌شه‌نگتره.
سه‌رنجێک
ـ سونقۆر، سه‌رواێکی جوان و له‌م وشکه‌ساڵیه‌دا پڕئاوی هه‌یه. که چووینه سه‌ری و سه‌رنجماندایه، به چه‌ند هێمایه‌ک له کانیاوه‌کانی دیکه‌ی کورده‌واری ئه‌چوو. بۆ نموونه:
ئه‌ویش له دڵی به‌رده‌وه هه‌ڵئه‌قوڵا.
ئاوێکی سارد و زۆڵاڵ و سازگاری هه‌بوو.
ده‌ستێکی ئاوه‌دانی ئه‌وتۆی پێڕانه‌گه‌ییشتوه.
سرۆشتێکی ناشیرین و نه‌پارێزراوی هه‌یه و پڕیه‌تی له شڕوشه‌خه‌ڵ
ـ چه‌ند شوێنێکی کێوه‌کانی باشووری دینه‌وه‌ر سووتابوون. که‌وتمه‌وه بیر ئاورکوژێنه‌وه‌کانی سه‌وزی چیای لای خۆمان و له باتی ئه‌وانیش خه‌فه‌تم خوارد.
ڕه‌ئوف مه‌حموودپوور ــــــــ ڕه‌زا عه‌زیزی
