''ساڵ''

 

- هیچ کەس نازانێ من کێم مردە، هیچ کەس نازانێ

- ڕۆڵەی لە ماڵ تۆریاوەکەم ڕۆ

- چەمەدان بێ خاوەنەکەم ڕۆ

- کچە ساڵێک لێ گوم­بووەکەم

- ڕۆڵە ماڵ لێ جیاکردووەکەم

- دایک و باوکەکەم ڕۆڵەی گەردن­کەو، ڕۆڵەی باڵابەرز

- تەنیا لەبەر تۆ هەژدە ساڵ قەبووڵ­کردووەکەم

- من دوای تۆ چیبکەم دایکەکەی دایکم؟

- ڕوو لە کام چۆڵ کەم دایکەکەی دایکم؟

- لەیلێی پیر نەبووم، چاو هەر لە خۆو جوان، دەم هەر لە خۆو جوان

- هەی خۆزگەم بە پار ئەم عەینانە

- پار ئەم وەختە هێشتا لەسەر پای خۆت بووی ڕۆڵە گیان

- ئاخۆ ئەو دڵەو چی خەمین بوو؟ چەنێ ترساوێتی لەو ماڵا؟

- بۆ بە لاتۆ نەبووم یەخوا کوێر بێ بیناییم

- دەبا من کوێر بوایێم حەو ساڵ تۆ دەسگیرم بوایی مریەم گیان

- بن دڵم بڕیا ڕۆڵە، بۆ باڵت شکانم باوک و دایکەکەم

- خۆ من چووم کراسی تازەت بۆ بێرمۆ بە ملی وردم

- بە میراتت کەوت ڕۆڵەی سوور بۆ نەکریاوم

- ئەی هاوار خوا، ئەی هاوار چیبکەم؟

- بەخوا ڕۆڵەم زۆر جوان بوو ڕۆڵە گیان

- بەخوا بێ عەیب بوو دادە گیان

- دایکتان جەرگی نەسووتێ ڕۆڵە

- دە توخوا ئێوە کامتان وەک مریەم جوانن خۆتان بێژن؟

- دە توخوا ئێوە لیپرسن، بەشکەم جواو ئێوە باتۆ ڕفێقی بوون

- دە ئاخر جواو دایکی ناتۆ دایکی لاڵ بێ

- بۆ منیان بەر لە تۆ نەخستە ئەو چاڵە مریەم گیان

- ئەو بەژن و باڵا بێ عەیبەو –دایکەکەم- چۆن بوو بە خۆراکی کرم و مار ئەی هاوار

- ڕۆڵە گۆنا کرم خواردووەکەم ڕۆڵەگیان

- ڕۆڵە دەم و لێو کرم خواردووەکەم ڕۆڵە گیان

- بۆ بەزەییت بە دایکتا نەهات جەرگوو بڕی

- کچێ گڕاڵکت نا بە دڵمۆ جەرگوو سووتانم مریەم

- کچێ هەڵسە ڕۆڵە بێژە دایکە زوانوو شکێ، من مام

- بێژە دایکە خەوت دییە ئاوەتام

- بێژە دایکە با سەری خۆمان هەڵگرین، چش ئێژن قەحبە بوون

- ڕۆڵە بەخوا بێ تۆ نامکریێ

- لێویام ڕۆڵە، حەیا چووە خۆم ڕۆڵە گیان

- ئەوە بۆ من و باوکت نەبووین بە قیمە هەرکمان بە ڕۆژێ

- شەڵڵا ئێمە خۆمان دەرمانخوارد کردایێ، نەک تۆ بمردایی

- حەیفی ئەو بەژن و باڵای تۆ نەبوو بەو قەنارەوۆ

- حەیفی ئەو گەردنە بەرزەو نەبوو ڕۆڵە ئەو خوێنەی تێ زا

- ئەی سەد شەڵڵا من و باوکت بوایین لە جێی تۆ

- تازە دنیا ئێمەی بۆ چی بوو؟ منی بۆ چی بوو؟

- وام ئەزانی شووم کردە بە پاشای وڵاتان، ڕووم نەبوو بەرامبەر تماشای ناوچاوی کەم، کە ئەڕۆی لە پشتۆ لێم ئەڕوانی، سامی بوو، هەی ماڵی سامت کاول بێ کاورا بۆ پیاوەتیت

- وتم ڕجاو لێ ئەکەم کەم بێژە کوڕ، کچ بەو جوانییە –دایکەکەی کوێر بێ_ خوا پیداین؛ وتی دەڵ بۆ تۆ و خەڵک، کچ بوو بە هی خۆڵ

- دایکەکەو لاڵ بێ بۆ شانس و ناوچاوت

- باوکوو بێ بە کۆی زووخاڵ یاڕەبی، دە بۆی بگری دەی، ئەوە کوڕ بەو دەردە چوو، ئای لە دنیا نەما، کچیش بەم بەڵا

- ئەگ ڕۆڵە دایکەکەو لاڵ بێ

- دایکەکەو زووخاو هەڵێرێ ڕۆڵە

- دە توخوا ڕۆڵە بەزەییو پیاما بێ هەڵسە

- بەخوا ڕۆڵە باوکوو بە هەژدە ساڵ ئەوەی پێم نەکرد، تۆ پێو کردم ئەم یەک ساڵە

- برا خەڵکە من ڕەفێقم لە دەز دا نەک دایک و فەرزەنی

- هەی ڕەفێقی خاسم ڕۆ

-مەحرەمی ڕاز و نیازم ڕۆ مریەم گیان

- هەر خۆو لە دەردم زانا دادە گیان

- وتی دایکە بێ با بڕۆین، بۆ دانیشتی، بە قسەم نەکرد

- دایکە بەخوا کار ئەکەین نامرین لە برسا، بە قسەم نەکرد

- دوایەوە نامانیەوێ، دایکە بۆ تامڵی کەین، نەمکرد

- وتم ئەوی بە بنیام، لەم ئاخرۆ عەیبە تەڵاق، ناومان مەزڕێنە کاورا

-وتی ئەو کوڕە تۆ واتلێکرد، ژن ئێرم بە سەرتا

- وتی دایکە بە جەحانم با ژن بێرێ، لە کۆڵ ئێمە ئەوێتۆ، خوا خراوی بۆم کرد بە قسەم نەکرد

- دە خوا گیان یاڕەبی تۆبە کچەکەم پێبەرۆ

- دە خۆ تۆ خوای لە دەست دێ، ئەو کچەم پێ ببەخشەرۆ

- دە ئەوە من ئەڕۆمۆ بۆ وێرانەکە، با مریەم لە دریاوۆ بێ بە ڕووما خواگیان

- دە جواو بەرۆ خوا گیان

- نایکەی بەخوا

- ڕەحموو نیە بەخواااا

- ساڵێکە لێت ئەپاڕمۆ نایبیسی ماڵو کاول بێ

- خۆ ئێژن تۆ لە جێی حەقای، ئەی بۆ باوکیت نەبردۆ لە جێی ئەو

- بۆ دایکیت زینەبەچاڵ نەکرد لە جێی ئەو

- بۆ ماڵو وێران کردم خوا، مریەم گیان

- ( بە سۆزەوە) تازە ناگەڕێتۆ ڕۆڵەڕۆ دڵەی ناشادم، فرمێسکی بە خوڕ ڕەنجی بەربادم

- مریەم دایکت ئەونە بێ شەرمە، شەرم لە کەس ناکا، دەنگی ئەونە ئەڕوا بەخوا، دنیا مەنعیەکا، ڕۆڵە حەیاچووە خۆم دە بێرۆ

- بێرۆ با بڕۆین ڕۆڵە، بەخوا بۆ هەرکوێ ئەڵێی دێم

- لە هەر کوێ تۆ حەزکەی ماڵ ئەخەین

- یاڵەویاڵ ئەڕۆین وەک گورگ بەخوا، خوا نێچیری ئێمەیش هەر ئا مریەم گیان

- ئەی هاوار خوا، ئەی هاوار

- تازە مریەم خەوێ بوو دیم و تەواو بوو

- بەخوا دڵەکەی وا لە دایکی ئێشا تازە محاڵە

- دڵەکەی بەرگەی نەگرت، ئەو وەک ئێمە بێ­عار نەبوو

- چەنێ بەرگەی بگرتایێ ئیتر دایک و باوکەکەم بێ بەقوربانی دڵە کەیلەکەو

- هەر لە سکمو خەم چووە دڵی، بی بە کۆی زووخاڵ کاورا یاڕەبی

- ماڵو کاول بێ یاڕەبی وەک بوو

- ڕووێ خۆشوو هەر پێ نیشان نەداین

- دوو جار وەک باوکی خەڵک نەکەوتیتە تەکی بزانی ئەم کچە ئاواتی چیە

- هەر وتی دایکە باوکی ئەم و باوکی ئەو بە ماشینەکەی خۆیان هات و چۆی پێ ئەکەن؛ دە خۆ ماشینو بوو خوا بە میراتتی خا، بۆ مانگی جارێ نەتئەگێڕا؟

- کوڕە من و تۆ کوا لیاقەتمان ئەو پەرییە بوو، خوا بمانواتۆ من و تۆ

- دە بۆی بگری؛ دە قوڕ پێوە دەی

- کچێ بم بەقوربان دەرز و دەورەکەو، بم بە قوربان ماڵە بێ دریا و پەنجێرەکەو، هۆ ماڵ لێ جیاکردووەکەم بێ وەفا

- لان لێ جیاکردووەکەم زاڵم گیان

- دە خوا گووم خوارد تەنیا ئەو کچەم پێبەرۆ هیچم ناوێ

- بەخوا بە چنگ هەڵیەکۆڵم، لێمگەڕن، دەری ئێرم کۆرپەی شیرینم لەو ژێر خۆڵا

- ئەی هاوار خەڵکە لێمگەڕن، بەرهەمی هەژدە ساڵ ڕەنج و هیوام ڕۆ

- کێ لە دەردەکەی من ئەزانێ خۆم نەوێ

- کێ لە دڵەکەی مریەم ئاگادار بوو خۆم نەوێ، داااایکەکەم مریەم

- هەی ڕەنجی بێوەرم خواااا

- باشە ئیتر نەجیم گیان، باشە ڕۆڵە گوناحباری مەکە، هەڵسە دایکەکەم، تازە هیچ ناکریێ، هەرەسە و هاتە و ماڵی کاول کردین، دۆعای بۆ بکە خوا لە گوناحی خۆشبێ، ڕەحیمەڵڵاهو لیمەن قەرەئەلفاتیحە، ئەعوزووبیللاهی مینەششەیتانی ڕەجیم، بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕە...

 

کۆتایی

جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی

 

تەقیلە

کە سوێندی بە قەوری مەلاوڕەحمان دەخوارد ئیتر دەتزانی ئەو قسەیە خەلافی تێدا نییە و درۆ ناکات. ئەڵبەت وەنەبێ ئەو سوێندەی بە زۆری بخواردایە، بەڵکوو پتر لە کاتێکدا دەیهێنایە گۆڕێ کە شتێکی زۆر گرینگی دەگێڕایەوە، بەدەر لە جەغزی قسەی ئاسایی ڕۆژانە. تەنانەت زۆرجاریش دەیگوت: پیاو چ بە ڕاس چ بە درۆ سوێن نەخوات باشە!

جارێکیان کە سەبارەت بە تێکدانی مزگەوتی گوندە چواردە ماڵییەکەیان لەگەڵ سەی مەحموو بوو بە دەمەقاڵەیان، سەی مەحموو سوێندی خواردبوو کە:

-بە قورعانێ لێم خوێندووە ئیتر من لە کاری مزگەوتا نایێمە قسە، ئاخر قەسەم بەو خوای کەس لە ڕەنگی نییە...

کە قسەکەی گەیشت بەم شوێنە، ئەم بە دەنگێکی بەرزتر لەو هاتە گۆ و قسەکەی پێ بڕی:

-سوێن مەخۆ سەی مەحموو، سوێن مەخۆ بۆ قسەی وا و گوناحبارمان مەکە. من و تۆ پەنجا ساڵە لە ماڵی یەکداین و تەبێعەتی یەک دەناسین. قسەمان هەر گیراوەتە یەک و ئەوەتا دوێشەویش لە ماڵی تۆ لە سەر سفرەیێکدا بووین. سوێن وهەڵچوونی ناوێ. هەر ناییتە ناو کارەکەیش قەیناکا بەڵام وەک'' حەمەی باوەڕ'' بێ گۆ. سوێنی ناوێ...

کە دواتر پرسیاری'' حەمەی باوەڕ''ی لێکرد، گوتی: هەزار ڕەحمەت لە قەوری بێ حەمە، جۆڵا بوو. ئەم دێهاتانە دەگەڕا. قەت کەس درۆیێکی لێ نەبیست. قەت خەیانەتێکی بە کەس نەکرد. سوێنی قورسیشی'' باوەڕوو بێ'' بوو. خەڵک پیان دەگوت'' حەمە باوەڕوو بێ''. پیاوی وا کەم بوو. هەزار ڕەحمەت لەو گۆڕەی بێ...

هەندێ جار کە سوێندی بە قەوری مەلاوڕەحمان دەخوارد هەر خێرا لە ناو قسەکەیدا کوڵی خەمێکی کۆن دەردەکەوت، کە ئەڵبەت قەت نەیدەهێشت ببێتە گریان و هەر بە فرمێسکی لە گۆمی چاویدا نوقم دەبوەوە.

مەلاوڕەحمان کێ بوو؟ بۆچی دوای چل، پەنجا ساڵ هێشتا لەو ڕادەیەدا خۆشەویستی بوو کە سوێندی قورسی ئەو بێ؟ نایەر ئەگەرچی ئەو سوێندەی هەر لە منداڵییەوە لە باوەی بیستبوو بەڵام زۆر لە مێژ نەبوو ئەم پرسیارانە هێلانەیان لە مێشکیدا چێ کردبوو و ئەدی هەرچەن جار کە دەچووە ماڵی باوەی و ئەو سوێندەی وەبەر گوێ بکەوتایە، لە خۆی دەیپرسینیەوە. تا شەوێکیان کە وەک زۆربەی پاییز و زستانان کە بە تەنیا دەچوو بۆ ماڵی باوە و دایەی و چەن شەوێک لەوێ دەمایەوە، چوو بۆ ئەوێ و پرسی:

باوە، ئەوە مەلاوڕەحمانی برات کەی مرد؟ چۆن مرد؟

مام کەریم کە بێ ئەوەی ناوی مەلاوڕەحمانی بردبێ، یان باسی کردبێ، چون لە ناکاوێکدا لە کوڕەزاکەی کە لاوێکە و قەت مەلاوڕەحمانی نەدیوە بەڵام سەبارەت بەو دەپرسێ، هەندێک ڕاچەنی و ئەدی فرمێسک فریای ئەوە نەکەوت کە بکەوێتە پێش قسە و لە کاتێکدا کە دڕکێکی لە قامکیدا دەردێنا، گوتی:

-مەلاوڕەحمان؟

-بەڵێ، مەلاوڕەحمانی برات

ئەم دوو ڕستەی نایەر ئەوەندەی کات بۆ هەڵەسوونی بیرەوەرییەکانی باوەی خایاندبوو کە ئەستێری چاوی ببێتەوە بە گۆم، هەر بۆیە دەستێکی بە چاویدا هێنا و هەناسەیێکی قووڵی وای هەڵکێشا چما دواهەناسەی ژیانیەتی و دەیهەوێت بۆ زنینەوەی وەک پاشەکەوت لەگەڵ خۆی بۆ ناو گۆڕی ببات. گوتی:

مەلاوڕەحمان، مەلای دوانزە عیلم بوو. لە بەغا ئیجازەنامەی وەرگرتبوو. ئەونە ماقووڵ بوو بتنایە بەسەر شارێکۆ حوکمەتی کردایێ. من تازە خەتم دابوو ئەو مرد. دوو دانە مانگ پرسەکەری وامان لە شوێنی واوە بۆ دەهات حەوت پشتمان لە مزگەوتێکدا نوێژی نەخوێندبوو. هەر نەماندەزانی ئەمانە کێن و بۆچی بەو کوڵە بۆ کاکەڕەحمانی ئێمە دەگرین؟ جا پیاوی ماقووڵ، عالیم، لە خواوە نزیک و خزمەتکاری قورعان. ئێمە تا ئەوانەمان نەدی نەمانزانی کێمان لە کیس چووە. هەڵبەت لە کوێوە بزانین؟ ئەو هەر لای ئێمە نەبوو. هەر چەن ساڵ و لە شوێنێک دەرزی مەلایەتی دەخوێند. جارێک لە سنە، تاوێک لە عێراق، ماوەیێک لە هەورامان، چووزانین؟ ئێمە مناڵ و ئەو دوور، چیمان لە یەک؟ ئەوە نەبێ لەم ئاخرەوە دووساڵ گەڕایەوە بۆ ناومان و مەلایەتی کرد. بەینەڵا ئەو دوو ساڵە تێر دیمان.

مام کەریم بۆ چەن چرکە بێدەنگ بوو و جا دیسان بە نەرمەبزەیێکی تاڵ درێژەی بە قسەکەی دا:

خوا هاوار چ جوان­چاک بوو. مەلاوڕەحمان بە شەرت مەلاوڕەحمان؛ ڕەحمان لە ڕەحمەتی خۆی بەشی دابوو. باڵای ئەتگوت منارەیە. ئەو پێست و ڕوومەتەی ئەوەندە جوان بوو دەتگوت سێوە لاسوورەیە. لاپەڕەی لەسەر دەستی دادەنا و نەوەک لەسەر خەتی لاپەڕەکە، لار دەیگرت و بە دڵی خۆی و لە مێشکی خۆیدا خەتی بۆ وێنا دەکرد و جا بە خەتێکی خۆش شێعری لەسەر دەنووسی، بەڵام چ خەت. مەلاوڕەحمان...

کە گەیشتە ئێرەی قسەکەی دیسان بێدەنگ بوو و گۆمی چاوەکانی بە ئاستەم سەرڕێژی کرد و ڕۆندەکی تێکەڵ بە ڕیشە سپییەکەی کرد. دیاربوو لە مێشکی خۆیدا خەریکە دەڕوانێتە شتگەلێک، چونکا لەو ساتەدا ئەگەرچی تمشای گوڵی مەوجی سەر قورسییەکەی دەکرد بەڵام دیاربوو هیچ کوێی نەدەدی و نیگای لە مێشکییەوە هەتا ژێر بیبیلەی دەپێکا و نەک زیاتر. دیسان کەوتەوە قسە و گوتی: ساڵێکیان کولێرەیێکی بیست و حەوتی ڕەمەزانی بە بزمار دا لە کۆڵەکەی ناوماڵەکە و جا وتی ئەوە من بێ ئەوەی بچمە سەر هیچ ئەو کولێرەم لەو کۆڵەکە دا. سا بزانم کامتان ئەوەندە باڵاتان بەرز دەبێت کە دەستتان پێی بگات و لێی بکەنەوە. ئێمەیش، مام ڕەحیم و مام ساڵەی برام کورتەباڵا بوون. کاکە مەلاحسەینی برایشم لە مەریوان مەلا بوو و ئیتر هەرگیز بۆ ئەو ماڵە نەگەڕایەوە تا بزانین دەستی دەیگاتێ یان نا، ئەگەرچی باڵای ئەویش هەر بەقەی من دەبوو و ڕەنگە نەیشبوایێ. ساڵ هات و ڕابرد و ئێمە هەر گەورە بووین تا عاقیبەت لە شوێنێکدا ڕاوەستاین. من ئیتر ببووم بە ''کەریمە بەرزەی'' ناودێ بەڵام ئەو کولێرە، بیست ساڵ دوای ئەوە هەر بەو کۆڵەکەوە مایەوە، تا ئیتر کولێرەی بە بەرد بوویش لە حەقەپەڵەیێکی پاییزدا لەگەڵ دەسەک و بنمیچدا تێتەپی و ماڵەکە بە یەکجاری ڕووخا و چووە ژێر گڵ. من پرسەی وەک ئەوەی مەلاوڕەحمانم هەرگیز نەدییەوە. مامۆژنەکانم یەک مانگی ڕەبەق چی ڕۆژی خوایە دوو پووتیان دەکرد بە نان بۆ پرسەکەر. پرسەی وا...

نایەر کە تێدەکۆشا جوان لە ڕووداو و ژیانی مەلاوڕەحمان تێبگات قسەکەی بە باوەی بڕی و پرسی: دە ئەی چۆن مرد؟

مام کەریم­یش وەک بڵێی لەو بایەخ­پێدان و پرسیارکردنانەی نایەر هەندێک سەری سووڕمابێ، نیگای لەسەر مەوجەکە گوێزایەوە سەر چاوی نایەر و لە کاتێکدا کە دەتگوت پێڵووەکانی لەبەر دووکەڵی تازە داگرساوی کوانووێک هاتوونەتە یەک، دیسان هەناسەیێکی هەڵکێشا و گوتی:

نەخۆش کەوت. کەس نەیزانی ئەوە چ نەخۆشینێک بوو ڕووی لێکرد، سیل بوو، سەرەتان بوو یان چی؛ ئەونەمان زانی وشک و ڕەقی کرد و لە نان و خوانی خست. ئەو مەلاوڕەحمانە جوان­چاکە وا ئەو قامکانەی ئەتگوت شمشاڵە، دەستی قورعانەکەی نەدەگرت. گوڵی ڕوومەتی سیس بوو و ڕەنگی کاڵ بووەوە. خەریک بوو لە زار و زمان بکەوێت. ماوەیێک نەیدەتوانی پاک و پیسی خۆی ڕابگرێت. باوکم دوعای حاجی شێخ عەزیزی گەورەی کانی­بەردینەی بۆ هێنا؛ باشتر بوو بەڵام سەرلەنوێ لە دەست و پێ کەوتەوە، تا عاقیبەت لەسەر فەرمایشتی مامەحاجی خۆی بردی بۆ سلێمانی بۆ دەوا و دەرمان.

-دەی خاس بوەوە؟ عاقیبەت چیتان کرد؟

-چل شەو دوای ئەوە باوکم گەڕایەوە

-ئەی مەلاوڕەحمان چی؟

-توورەکەیێکی هێنا و کە گەییە بەر حەسارەکە داینا و لە جوابی ئەو پرسیارەی تۆدا پشتی تێکردین و ڕووەومزگەوت ڕێکەوت و تەنیا ئەمەی گوت:

-لە سلێمانی بە خاکم سپارد؛ ئەوە بەرگەکانییەتی.

ئەمجار دایکم لەسەر خۆ چوو و ئێمە پشتمان شکا و ماڵمان بۆی وێرانەی لێ نیشت...

مام کەریم کە ئەمەی گوت نایەر بێدەنگ بوو. هەستی بەوە دەکرد کە دەیەوێ بگریت بەڵام پێویستە خۆی ڕابگرێت. بۆ ساتێک بیری لە کۆنی دنیا کردەوە و ئەو هەموو ژیانە پڕ هەوراز و نشێوە کە هەر ئاسەواریان لەباسێکیشدا نەماوە. ئەو هەموو ڕەنج و شایی و شیوەن و ئەشق و پێکگەیشتن و لێکدابڕان و کولێرە بە بەردبوونە. بیری لەوە دەکردەوە کە هەرکام سەدان چیرۆکی تاڵ و شیرینیان لە پشتە و بۆ هەمیشە چوونەتە ژێر گڵ.

بیری لەوانە دەکردەوە، کە بە دەنگی مام کەریم­ی باوەی بە خۆیدا هاتەوە کە بێدەنگییەکەی بە دەسپێکی چیرۆکێکی­تر شکاندبوو، گوتی:

بە باوکمیان دەگوت مام قادر دڵڕەقە. دەیانگوت دەڵێی قەت ڕەحم و بەزەیی لە دڵیدا نەبووە. دەیانگوت بنیادەمی بێ­ڕەحم هەر ئیمانیشی نییە و بەهەشت بە چاوی خۆی نابینێ. ئەو مەلاوڕەحمانە بێ عەیبەی برد بۆ سلێمانی و بە تەنیا ئەسپەردەی کرد و خۆی گەڕایەوە کەچی کەس نەیدی تەنیا فرمێسکێک بۆ ئەو ئەولیایە هەڵوەرێنێت.

ئەڵبەت وانەبوو؛ من لە کایەنەکەی خۆماندا دیبووم بەدەم تێکەڵ­کردنی کا و گزرەوە دەگریا. بەڵام تەبێعەتی وابوو حەزی نەدەکرد کەس گریانی ببینێت. خوا عافووت کا باوکەگیان؛ لەبەر قسەی خەڵک زۆر تەڵخی لێدەچوو بەڵام جوابی کەسی نەدەدایەوە. ساڵ هات و ڕابورد، تا نۆ بەهار بەسەر مردنەکەی مەلاوڕەحمانا تێپەڕی و باوکم لە دەشت لە کاتێکدا کە خەریک بوو کەردووی بۆ تەماکۆ هەڵدەبەست عەمری خوای کرد. هەی یاڕەبی خوا عافووت کا؛ باوکممان برد بۆ مزگەوت کە لەوێ بیشۆرین. من و ڕەحیمی برام بەدەم گریانەوە بەرگەکانیمان لەبەری دادەکەند. خۆم هەڵپێکی کەواکەیم کردەوە و کراسەکەی ژێریم داکەند. ئەگەر تماشام کرد دیم تەقیلەکەی مەلاوڕەحمانی برامی چوارقەو بە دەرزییەک دابوو لەو سەر دڵەی. نۆ ساڵ کەس بەوەی نەزانی باوکم چی لە دڵیا بوو و تەنانەت ئێمەیش پێمان دەگوت دڵڕەق. نۆ ساڵ، شەو و ڕۆژ...

 

٢٧١٧ ی کوردی

کێ بە کێیە چەن چەتری­تریش ئەم تەرزە خۆش ناکاتۆ

خوام ئەکرد بەفریش دایئەکرد _لە کەللەما_

لانیکەم پۆتینی چی کچی ئەم شارەیە

لەم نێهیلیزەبوونە ڕزگاری ئەبوو؛

چی لە شێعر قۆڕ و باش­تر؟

تەنیا نیوپەردەی گوێچکەم پێویستە بیژەنم

چی لە شێعر تر

ئەم خەڵکە نەوێ...

کێ بە کێیە؟

منیش ئەم چەن دێڕە شاعێرێکی وانێکۆگراف و

سەرقاڵی هین و

تێستێسترۆنێکی ڕۆشنبیر خەریکی تێئۆریزەکردنم و

من سەرقاڵی فەلسەفەی سیاسی جووتبوون و

بە هینی بابیەوە

هەموومان خەریکی شوناسی کڵاوی لار و

شەپکە و سیگار...

شەقام لە جەنگەی شەڕی برەند و ژێستا

ئاوس بە ئارامشێکی مۆڕفینی

مچوڕکم تەر ئەکا و

بەم تەرزە بە ڕیتمی لەنجە هاکا لە گۆ چووم،

تەنیا بە خوێندنەوەی بەرجەستەییەکان

بەم تەرزە بێ سێ­ودوو ئەوم بە شاعێر،

ئەوم بە شاعێر باوەڕ کەن
 

گوێچکەی خۆیشتانم لێ کەڕ کەن
 

شێعری تووپڕی ساقی پا
 

لە ساپۆرتێ لیپاولیپا
 

لە سافترین وێرژێنی ڕۆژ
 

ڕۆژ، ڕۆژ...

 

 

 

 

 

 

چووزانم،

بەڵام ئەگەر قافییەش بۆ ''ڕۆژ'' دەس­

نەکەوێ

ئەو هەر بەردەوامە و ئەڕوا...

قەرائەتێکی­تر لە بەرجەستەییەکان:

هەناریش مەمک کردی بە پیاو

ئەینا فەرقی لەگەڵ لیمۆ،

ببوورن، سێو،

ببوورن...

چووزانم، خۆ ژن بەری هەرچی میوەیە گرتی لەسای سەری شاعێر...

من ئێژم شەقام پڕە لە دار

ئەمکەن بە کێوا،

ئای بە یەکدا هەڵواسراین،

مخابن،

بە چیدا هەڵواسراین، ئێواران...

شەقامی بە کوڕ گیراو و کچ؛

هێشتا پاییزە و

شەقام دەبێتە سکاندیناوی

هێندە پۆتین...

هێشتا دیالۆگ نەزاییاگ و

مۆنۆلۆگ لە گاوڵکێدا

چما کافەشانۆیێکی شانزەلیزە،

هێندە ئایفۆن...

من مەگەر بە پژۆدا بچمە فەڕانسە و

تاک و تەرا بە بێنزێکدا ئاڵمان،

ئەویش تا گەیشتن بە دەسەنازێکی شەقامی جومهووری و

دەسەیێک نازی _پێموا_ نادەربەست

لێرە،

سەقزی جیهان،

بەر دەسڕێژی بوون و نەبوونی سپا چەک کەفتگ

بەسەر خاک

-ببوورن- خۆڵدا،

تۆزێ تۆزم لێ هەڵسا و

ئەویش 'با' بردی؛

لێ شایەد بابردوو باشتر

تا Save بوون لە سووپێرمێمۆرییەکی

نزیک هالیوودی پێغەمەری

نزیک ناسای کەس نەیناس،

تۆمارگەی ژیانی

_ببوورن_ مانی دیجیتاڵی و

ڕۆبات و هۆشی مەسنووعی...

کێ بە کێیە، شایەد

هەر حەبیبەکەی''نالی'' ماڵیاوا و

ئەم چەن چرکە و دێڕەی ئاخرە خۆش:

 

کۆچی کرد یارم نازانم بۆچی
 

 

بە گریانەوە خۆم لە دوای کۆچی
 

لەبەر تۆ نەبێ لە کاروانم چی
 

 

لەم دیوە و دیوی کەلی خانم چی
 

ئەو دریای ماڵە تۆی تیا نیشتە بی

 

ماڵەکە بەهەشت تۆی فریشتە بی
 

دەسەکەت بێنە بیخە ناو دەسم
 

 

لە چی تۆریاوی لە جێی گشت کەسم
 

 

 

٥ ی بەفرانباری ٢٧١٦ ی کوردی

پێشکەش بە نەمردنی هۆنەری هێژا، مامۆستا ''خالید خاکی''

شانۆی مەرگ

ئەگەرچی بەسەر مردنەکەیدا شەش ڕۆژ تێپەڕیوە وئیتر بەتەواوی لەوە دڵنیام کە لەدەست ئەو هەموو کفنە تێیان ئاڵاند و ئەو بەرد و خۆڵە کە کردیان بەسەریدا نەجاتی نابێت و تازە قەت نایبینمەوە بەڵام دیسانەوە ئەمڕۆیش دەنگ و ڕەنگی لەبەر چاوی خەیاڵم هەر ون نەبوو؛ چما لە بەرزەخی بڕوا بە مردن و شک لە ژیاندا بم، هەرچێک لەگەڵ خۆمدا دەکەم و دەکۆشم لەسەر یەکێکیان پشت­راست نابمەوە. من ئەگەرچی مامۆستام بەڕاستی خۆش دەویست و بە دیتنی خۆشحاڵ دەبووم بەڵام ڕاسییەکەی بە هەندێک تایبەتمەندیشی قەڵس بووم، بە جۆرێک کە حەزم نەدەکرد زوو بە زوو بیبینم؛ هەر ئەم هەستەیش ببووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت ئەگەر گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەیش ئەمانی بدایەم و بمتوانیبایە سەردانی دانیشتنەکەنی ئەنجومەن بکەم لە سێ_چوار جار ڕەنگە تەنیا جارێک دەچووم. ئەڵبەت خوا هەڵناگرێ کە دەیشچووم، ئەگەر بێت و لەوێ نەبوایە، یان داگیراو ببوایە حاڵم دەگیرا، چون هەرگیز کەسم نەدیبوو هێندەی ئەو شیاو بەڕێوەبەری دانیشتنەکانی کلاس بکات.

شیاوی باسە کە بگوترێت، من ئەو تایبەتمەندییەم هەیە کە زۆرجار مردنی زۆرکەس لە مێشکی خۆمدا بەر لە نەمانی لە دنیادا، دێنمە بەرچاو و هەر لە شیوەن­و ڕۆڕۆی نزیکەکانی مردووی لای خۆم ناوبراو، تا بە خاک­­سپاری و فاتێحەخوێنی و ئاخروعاقیبەتی مناڵەکانی _ئەگەر بیبێت_ و لەبیری جەماوەرچوونەوەکەی وێنا دەکەم و ڕەنگە ئەم حاڵەتە دەرکەوتەی کێشەیێكی سایکۆلۆژی بێت و هۆگریی زیاترم بە مردن نیشان بدات تا بە ژیان، نازانم، ڕەنگە...؛ دیارە من بۆ مامۆستایش پێش لە مردنی چەنجار لە زەینی خۆمدا ئەو شتانەم وێنا کردبوو کە لە پرسەکەیدا دیبووم. بۆ وێنە ئەو خۆنواندنەم وێنا کردبوو کە هەندێک لە شانۆکارە دەستەمۆکانی ئەنجومەنی شانۆ دەیاننواند. دەمزانی کە ئەوان ئەگەرچی باش دەیانزانی کاک خالید خاوەنی ڕۆحێکی بەرز و لەوان جیاواز و ئیدەگەلێکی زۆر ناوازەیە و قەت لەوان نەبووە بەڵام پتر لە دیکەی خەڵکەکە خۆیان بە داخدار وساحێوپرسە دەزانی. ناوی ئیدەم برد؛ یادی بەخێر لەو شانۆنامەخوێنییەدا کە ئەو دەرهێنەر بوو و منیش ڕۆڵم تێدا گێڕا، ئاڕەشی کەمانگیر، یادی بەخێر؛ ڕۆڵی ئاڕەشی دا بە کچێکی قۆڵ و مەچەک باریک. ئەز گوتم مامۆستا ئاخر چۆن کچێکی وەها دەتوانێ کەوانێکی ئاوەها گەورە هەڵبگرێت و تیر باوێژێ؟ قەت نابێ. پەرسڤی دامەوە: ئەی قۆڵ و مەچەکی کام کەڵەپیاوت پێ شک دێ کە تیرێکی وەها بهاوێت کە هێندە بڕوات تا سنووری وڵاتێکی پێ دیاری بکرێت؟ ئەوە ژن یان پیاو نییە کە وەها توان و ئیرادەیێکی هەبێت، ئەو کارە بەس بە مرۆڤ دەکرێت! ئای کە چەن بەو جوابەی سەرسام بووم، چەن خۆشترم­ویست. من لەو هەشت ساڵەیدا کە دەمناسی گەلێک شتی لەو چەشنەم لێ دیت، بەڵام وەک وتم هەندێک تایبەتمەندیشی هەبوو کە بریا وەک ئێستا کە ئەدی قەت نایانکات هەر نەیبوایەن. بۆ وێنە هەندێک­جار کە سواری قسەی خۆی دەبوو، با تۆ بە مەنتقیش بدوایەتی کەچی ئەو تازە دانەدەبەزی. ئەڵبەت دەمزانی وەنەبێ بیهەوێ سەفسەتە بکات و بەرەنگاری ژیربێژی ببێتەوە، نا، وانەبوو، ئەو بەردەوام لە ئێمەمانان پتری دەبینی و دەزانی بەڵام وام­هەستدەکرد زۆرجار بەئەنقەست بەرەنگاری بۆچوون یان کارێک دەبوەوە و شتێکی دەگوت و دەبووە هەڵایێکی سەیرتر کە یادی بەخێر هەندێک­جار زۆر بەکەڵک دەبوو. چاکم لەبیرە جارێکیان لەمەڕ شێعری برادەرێکەوە هاتە گۆ و وتی: هەورەتریشقە بە پاییزدا نایێت. گوتم مامۆستا من پێموایە بە هەڵەدا چووبێتی ­و وانییە کە تۆ دەیڵێی. گوتیەوە: بەڵێ وایە کە وتم، چون جەریانی ئەلەکتریسیتە بە هۆی نمەوە تەنیا لە هەوری بەهاردایە! گوتم: ئاخر من پاییزی ڕابردوو پێی تۆقیوم، گوتی نا و...هیچ. ڕابورد و دیسان پاییز هاتەوە؛ ئێوارەیێکی بارانی ئاسمان ڕەش داگرسا. ئای لەو هەموو هەورەتریشقە ئەوڕۆژە خەڵکی ترسان! پەیامێکم بۆ نووسی کە''کاک خالید دەبینی چلۆن پاییزیش بە هەورەبرووسکە شیر لە ئاسمان دەسوێ؟'' بۆم نارد، نەچوو. دیسانەوە ناردم. هێڵی موبایل شانسەکەی من یان مامۆستا هێندە خراپ بوو کە پەیامەکەی بۆ نەچوو و هیچ، لێی گەڕام. یان جارێکی دیکە لە وەرگێڕانی هەمان ئەو دەقەی ئاڕەشی کەمانگیردا لە جیاتی وشەی''آفریدن'' وشەی''ئاڤرا''ی هێنابوو. گوتم مامۆستا ئەوە ''ڤ'' نییە، ''ف''ێیە، پای چەقان، منیش قەڵس بووم، وتم دڵنیام ''ئافرا'' درووستە و تەنانەت وشەی'' ئافرەت''یش هەر لەوەوە گیراوە، هەر گوتی نا، گوتم دەبا تواشایێکی هەنبانەبۆرینە یان شتێکی وا بکەین. لە کتێبخانەی ئەنجومەنی خۆمان نەبوو، چووم لە ئەنجومەنی شێوەکاری هێنام و بۆی گەڕاین. کە دیتمان''ئاڤرا''کەی ئەو دەیکردە''ئاودەست­خانە'' و''ئافرا''کەی من دەیکردە مەبەستەکەی ئەو، کە نەیپێکابوو ودواتریش کە پتر لەو وشەم کۆڵایەوە هەر تەواو دڵنیا بووم کە بۆچوونەکەی من دروست بوو و هی ئەو نا.

بیری دەکەم، بیری دەنگی، ئەو کاتەی وا لەمەڕ چیرۆک یان ڕۆمانێکەوە دەدوا کە هەر خۆی نەبێ کەس نەیدەزانی نووسەرێکی دەرەجە دووی ڕووسیی بەر لە شۆڕشی ئوکتۆبر نووسیویە و چەند کارێکی بەهێزە. بیری ڕواڵەتی، ئەوکاتەی وا بە کەواپاتۆڵێکی مەیلۆزەیتوونی بە هەنگاوە گەورە سووکەکانییەوە دەڕۆیشت و منیش قەت جارێک نەبوو لەو کاتەدا بیبینم و ڕۆیشتنەکەی لە زەینی خۆمدا هەتا ناو ژوورە پڕکتێبەکەی هاوڕێیی نەکەم. بیری شەرمی جوانی دێمی قەشەنگی دەکەم، بەو مووە سپییەی سمێڵ و قژی کە لێی ببووە نەخش، ئەو کاتەی وا تاریفێکی بەڕای خۆم دروستم لە مەزنایەتییەکەی دەکرد و لە وڵامدا تەنیا دەیگوت: خۆشبی ئاڕمان­گیان، نەزەری لوتفت هەیە؛ منیش ئیتر نەمدەگوتەوە کە کاک خالید، لوتفی چی؟ تۆ هەر بەڕاستی وەهای کە گوتم. ئەمجار مژێکی قووڵی دەداوە لە سیگارەکەی و وردە وردە ئاسەواری ئەو شەرمە جوانەی لەسەر سیمای ون دەبوو و دەچووەوە ناو وجوودی.

من دڵنیام خەسارێک لەم شارە کەفتگە و خەڵک پێ­نازانن، وەک بە زۆر شتی گرینگی­تری ژیانی ئێستا و داهاتوویشیان نازانن. بەڵام من هەستم پێکردووە ئەم دواهەمین چیرۆکەی مامۆستا کە چووە سەرشانۆ و ئێمە هەموو خەڵکی ئەم شارە_بە ئاشنا و بێگانەی مامۆستاەوە_ ڕۆڵمان تێدا گێڕا، چ چیرۆکێکی تاڵ بوو. ناچێ، هەر لەبەرچاوم لاناچێ ئەو دیمەنە دڵپڕووکێنە کە تێیدا ئەو جەماعەتە چلۆن بێ­بەزەییانە ئەو هەمووە خۆڵەیان بە سەر ئەو جەستە لاوازەیدا دەکرد. نازانم ئەوە چ هێزێکە کە مرۆڤ لە کاتی مردنی کەسەکانیدا ئەوەندە دڵرەق دەکات کە دیمەنی سامناکی خۆڵبارانی ئازیزەکەی تامڵ دەکات. ئاخر چۆن دەبێ پیاوێکی وا جیاواز و وردبین و هەستیار هەر بەو پاچ و بێڵە بە خاک بسپێردرێ کە مرۆڤێکی دووپای ئاسایی؟ من پێموایە دەبوو تەنیا ئەو کەسانە بە خاکی بسپێرن کە تاقەتیان بوو ماڵە تازەکەی بە خۆڵی تەقیوی نێوان دوولەپی دەستیان کە لێکی دەسوون و وردەکەی بە ئاستەم هەڵدەوەرێ زۆر بە ئارامی پڕ بکەنەوە و بە''ئەڕۆی ئۆغر''ەکەی''گۆران''ی خۆشەویستی بیلاوێننەوە. نەک لەبەر گەڕانەوەی زوو بۆ هۆڵی گەرمی مزگەوت بە پەلەپەل وەک ماشێن خۆڵ و کوڵۆبارانی بکەن. ئەویش کاک خالیدێک کە جارێک_وەک خۆی بۆی گێڕامەوە_ لەگۆڕنانی خۆی نمایش­دابوو؛ ئەویش بە ئەستەمبۆڵییەک قوڕاو کە بەسەر خۆیدا کردبووی و زۆر باشیش مردبوو! دەی بۆ دەبێ ئەم مردنەیشی هەر بە دەستوورێکی وەها هۆنەرانە ڕووی نەدایەت؟ بۆ نەدەکرا مادام کە ئەمجار دەرهێنەریی خستە ئەستۆی ئێمە بە جۆرێک شانۆکە بگێڕین کە لە کۆتاییدا لێمان ڕازی بێت؟ نەدەکرا؟ ئەڵبەتە کە نەدەکرا، چون چیرۆک و شانۆی وا داهێنەرانە تەنیا لە دەرهێنەرێ وەکا خۆی دەئافرا. نەک ئێمەیێ کە بۆ ئەوەی بە خاکی بسپیرین بێ بەزەییانە ئەو هەموو خۆڵەمان کرد بە سەریدا و هێشتا ناترسین لەوەی کە'' نەکا کاک خالید لە کۆتایی ئەم شانۆیەدا هەڵنەستێتەوە...''

***

چیرۆکی لە دایکبوونی ئەم چیرۆکە سەیرە! ئەز ٢ مانگ پێش لە مەرگی دڵتەزێن و لە ناکاوی کاک خالید کە لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی٢٧١٧ دا ڕوویدا، ئەم چیرۆکەم بۆ خۆی خوێندەوە و پێشکەشم کرد و پێکەوە دڵتەنگ بووین...

 

 

تاسه‌جار ئێژم به‌ دڵ هه‌رچی شه‌وه

چووی هه‌تا ئه‌و دیو و ئێستا دیته‌وه‌

گه‌رچی ئه‌شزانم به‌شم سروه‌ و کزه‌ی

رۆحی شه‌وگارانی پاییزی خه‌وه‌

دڵکه‌ڕه‌ت ئه‌خزێیته‌ ئامێزم به‌ له‌ز

مۆته‌که‌ی ڕاسیی هه‌وێم ئه‌وباته‌وه‌‌

له‌و تراویلکه‌ی خه‌یاڵه‌ تێر ئه‌خۆم

کێ ده‌زانێ چی ده‌زێ له‌م لێوه‌وه‌؟

تۆ وتت دوور و درێژن ڕازی شه‌و...

شا گوڵ­ئه‌ستێره‌م ئه‌دی له‌و ڕاکه‌وه‌

شه‌رمه‌خۆناوه‌ی ده‌وێ دڵ، نه‌ک گڕوو...

حه‌زره‌تی شه‌رمینه‌که‌ی من داکه‌وه‌

هه‌ر خه‌یاڵم سێوی سێ بوعدی گرێ؟

ئه‌شهه‌دووبیللاهی ناشوکرم به‌وه‌

بۆ به‌ هێمای به‌رزه‌خی عه‌شقم ده‌که‌ی

باشه‌ چی له‌ودیوه‌ وا نایی ئه‌وه‌؟

تاڵ و شیرینێکه‌ وا هه‌ر شه‌و ده‌ڵێم

چوو هه‌تا ئه‌و دیو و ئێستا‌ دێته‌وه‌...

 

٢٧١٦ی کوردی

بێتوو خه‌فه‌تێ دانه‌ڕێژم ئه‌مشه‌و

ته‌ریقه‌ته‌که‌ی ته‌نیاییشم له‌ده‌ست ده‌رئه‌چێ...

به‌ده‌م ته‌زبێحاتی جه‌هله‌وه‌ و

غه‌ریب غه‌ریب له‌ حه‌وته‌وانان،

به‌ودیوی که‌لی نائومێدیدا نوقم ئه‌بم...

بێتوو شه‌که‌تێ نه‌نووسم چاوه‌ڕوانی سپێده‌م لێ ئه‌که‌وێ به‌شکدا و

نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی من و گزینگ کۆتایی دێت...

من جه‌رگم ئه‌وه‌ ئه‌یبڕێ له‌ ئاسمان

ئه‌و گ تاریکییه‌ نابیندرێ و

ئه‌و هه‌موو گوڵه‌ئه‌ستێره‌ی کوێرئه‌بن و

ئه‌و تریفه‌ی له‌مانگی ئه‌دزن نابیندرێ و

که‌چی پڕه‌ له‌ سۆما چاوی گێلی سه‌ر ئه‌م عه‌رزه‌

بۆ دیتنی عه‌ده‌مێکی خه‌سێنه‌ر و

که‌چی  پڕه‌ له‌ دیالکتیکی هه‌ڵوه‌دا و من جه‌رگم ئه‌وه‌ ئه‌یبڕێ...

بێتوو سه‌فه‌رێ من هه‌ڵنه‌گرێ

 ئێوه‌ ئاق ئه‌که‌ن ، کۆڵانه‌کانی ئه‌م شاره...

ئێوه‌ی تۆقاو له‌تاپۆی تابۆ،

سه‌ختامێری کیتاب ناتانهێڵێ فایلێ بۆ حه‌زره‌تی گومان و

هێلانه‌یێ بۆ پرسیار چێ که‌ن؛

ئه‌وه‌ نییه‌ ساڵه‌هایه‌ هه‌ڵفڕینێک ئاسمانێکی نه‌خولقانه‌ و

به‌ باریکه‌ڕێگه‌کانی وه‌همدا نه‌بێ گوزه‌رناکه‌ن...

ئه‌وه‌ نییه‌ ساڵه‌هایه‌ سالکی ته‌ریقه‌تێکن سه‌ره‌تاکه‌ی به‌یه‌که‌م تیشکی ئه‌ندێشه‌ به‌شه‌واره‌ ئه‌که‌وێ ‌بۆ هه‌میشه‌...

ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌گه‌رقه‌ڵه‌مێ باڵابکا و

بییه‌وێ ئاسمان شه‌ق کا و رازه‌کانی هه‌ڵپروێنێ،

ده‌واتی حه‌ڵاڵه‌ ئه‌شێ بڕژێ!

خۆ ئه‌گه‌ر ئارامشێ نه‌مخنکێنێ له‌خۆیا بێزاریم په‌ڵه‌ ئا و- شکور بۆ خۆم -

دیاره‌ ئه‌وه‌ په‌ساپۆڕتی ئه‌ندێشه‌م بۆ ده‌رهاته‌

بۆ رۆیشتن له‌ کافرستانی عه‌زاب...

هه‌ڵکه‌ پێغه‌مه‌ری شێعرم،

ئه‌م پۆله‌ هه‌ڵفرینه‌ ئه‌گه‌ر له‌شه‌قه‌ی باڵ به‌ن

ئاسمان پڕ ئه‌بێ له‌ ئازادی،پڕئه‌بێ له‌ ئازادی ئاسمان...

داکه‌ ئایه‌تی باران،

داکه‌ ،ره‌شایی ئاسمانی لێ کردین به‌ جووتێ بیلبیله‌ و

له‌چاوی کچۆڵه‌ییکدا،

له ‌ته‌گه‌ری ماشینێکدا ئه‌رخه‌وانی بووین...

داکه‌ و ئه‌م رشانه‌وه‌ی جه‌هله‌ بشۆره‌وه‌؛

خۆ تۆ به‌و سه‌ره‌وه‌ حه‌زره‌تی باران باش هه‌رچی تێ ئه‌کۆشی یه‌ک نابینین ئه‌مڕۆژانه؛

باش ئه‌مڕۆژانه‌ هه‌رچه‌ن ئه‌ڕوانمه‌ رۆژژمێر،شه‌و ئه‌بژێرم...

باش ئه‌ونه‌ ته‌نیام له‌سووچێکی خۆماجێم بۆته‌وه‌،باش...

ئاوڕێ له‌گڕی نیشتمان،ئه‌و شێعره‌ی هه‌مووڕۆژێکم لێڵتر ئه‌شه‌وێ...

گومان نه‌که‌م ژن نه‌بێ کوردێ بقه‌ومێ و

په‌پووله‌ نه‌بێ ژنێک و 

منننننننن نه‌بێ عه‌شق و

عه‌شق نه‌بێ وه‌ک هه‌نووکه‌ نیشتمان له‌ چراسه‌وزی ژنێکه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌کا و

به‌ مژینی هه‌ناراوێکی بمر کۆتایی دێ...

با ئارامشێ نه‌مخنکێنێ له‌خۆیا و ئایینی ته‌نیاییشم نه‌ژاکێ؛

ئه‌م شۆعله‌ی گڕی نێازانه‌م له‌سه‌ر کام دوندی عه‌شقه‌ت هه‌ڵگرسێنم خۆی پێ بگیریێ و

به‌ مۆته‌ی درۆیێکی تری نه‌زانێ؛

هۆ لێڵترین ته‌نیای ده‌مه‌و گزینگه‌زێی زه‌وی...

منیش وه‌ک تۆ له‌لاپه‌ڕه‌ به‌ولا ‌خه‌ریته‌ی خۆمم له‌ چاوی چ باڵنده‌یێکی نیشته‌جێ نه‌بینیوه‌

پۆلێک کۆترنه‌بێ بێ که‌سی لێکی کردن...

منیش پرێسکه‌له‌به‌خت بۆ تۆ ئه‌گه‌ڕێم وه‌ک خۆت،

ئه‌ی نابینی چۆن به‌ سه‌رقافڵه‌یی خۆم وئه‌وینی تۆ ‌رێگام؟

ئه‌ی نه‌وای مه‌عادم نابیسی چۆن پڕه‌ له‌زریکه‌ی په‌شیمانی وگه‌ڕاننه‌وه‌؟

ئه‌وانه‌ نابیسی؟

ئه‌وه‌ خه‌یاڵه‌کانی منن به‌ده‌م کڕێوه‌ی گوناحه‌وه‌ ئه‌لوورێنن...

ئه‌وه‌ مه‌ریه‌می ئاهمه‌ ژان ئه‌یچڕێ و

له‌ته‌نیایی هه‌میشه‌یی خۆی ئه‌ترسێ...

ئه‌وه‌ غه‌مگینیی شه‌وپێوی منه‌ ئیتر کۆڵانه‌کانی رۆحم نایگرن و

سه‌فه‌رێکی نیشتمانبێزانه‌یان ده‌ست پێ کردووه‌...

ئه‌وه‌ خۆمم گه‌ڕامه‌ته‌وه‌ بۆ خۆم و

ئه‌وه‌ش هه‌رتۆی نمه‌نمه‌ ئه‌مخۆیته‌وه‌ و وه‌ها مردنم ئه‌کوژی،

هه‌زارئه‌ونه‌ له‌م سه‌فه‌ری پڕ له‌ ئاشناییه‌دا غه‌واره‌ییم به‌خۆمابێ و

ئه‌م شه‌که‌ته هه‌ر درێژه‌ی بێ و

ئه‌م پۆله‌هه‌ڵفڕینه‌ش مژده‌به‌ده‌نووک چه‌واشه‌یی بیانپێکێ و‌

ته‌ریقه‌ته‌که‌ی ته‌نیاییشم له‌ژوورێکی که‌م له‌که‌می خۆما

چاوه‌ڕوانی ‌دووڕوویی کازیوه‌بێ!!!

ئای له‌م شه‌وه‌ چۆن ئه‌منووسێ...

2714ی کوردی

 

بۆ کچێ، هەر خۆی! 

 ده‌م و نه‌خشم له سه‌ر ئه‌و روومه‌ته هێشتاکه کچێ...

تا به ئێسته‌ش له بينای ماچی ئه‌وين تاکه کچێ

سوێن به ئه‌و شه‌رمه جوانه‌ت ئه‌وی دڵخۆشييه ديم

تۆخودا رۆژی ئه‌وينجار وه‌ره‌وه‌ و‌ واکه کچێ

تۆ نه‌بێ، شه‌رته هه‌تا ئه‌و ده‌مه ماوم، زارم

له پرێسکه‌ی ئه‌به‌دیی ماچی وه‌فام ئاکه‌ کچێ...

چۆن به راشکاوی نه‌ڵێم ''خۆشم ئه‌وێی شه‌رمنه کچ''

عه‌شقی ئێمه که وه‌کوو رۆحی خوا پاکه کچێ...

گه‌رچی شيرينه هه‌موو رسته‌یی چيرۆکی ئه‌وین

له‌سه‌ر ئه‌م دوورییه دڵ به‌سته‌یی خه‌مناکه کچێ

رێژنه‌ی نووری و ئه‌باری به سه‌رمدا به‌ نيگات

تا ئه‌به‌د تينووه ئه‌م رۆحه پتر داکه کچێ...

چه‌مه‌ڕایی بکوژين، تاکوو ژيان ده‌سپێکه‌ين

نه‌ک به هێواشی به‌ره‌و باوه‌شی من راکه کچێ

چوار په‌لم هاکه له‌یە‌ک به‌ربێ هه‌تا که‌ی ئاوا

ساتی دوور بين له‌یە‌ک و له‌ت وه‌کوو ئه‌م خاکه کچێ...

 

حه‌وت جار عه‌شق ...

1 – شه‌و ...

خه‌وی ته‌واوی عاله‌مم به‌ چاو ؛

که‌ رۆژێ ناتبینم !

 

2 – هێنده‌ نازت ئه‌کێشم ،

هاکا پێشانگه‌یێکم رێخست !

 

3 – ئه‌م په‌ن له‌و په‌ن

شیرینتر !

خوام ئه‌کرد ئه‌مجار دنیا ئه‌یدی ،

ماچێترم فریاخه‌ ...

 

4 – ئه‌ونه‌ رازیم ...

هاکا بووی به‌ ئه‌لکول !

 

5 – بمگره‌ خۆت ،

هۆ قامووسی نوێترین وشه‌کانی عه‌شقم

'' تامه‌زتۆم ''

 

6 – ئاشیلێ بووم ،

له‌ چاوتۆ خواردم‌ ...

 

7 – خوا نه‌تگرێ ...

با هه‌ر به‌ری دره‌ختی من بی .

 

پایزی ۲۷۱۲ ی کوردی

ئه‌و کاتانه‌ی دووری لێم...

 

په‌یکه‌رێکه‌ له‌ ته‌نیایی

زه‌مان ؛

له‌ نه‌مردنما ئه‌ڕسکێ و

ساردێکه‌ پڕ به‌ هه‌ناسه‌م ،

که‌ نیگام له‌سه‌ر جێ پاکانت له‌ گۆ ئه‌چێ...

سه‌ده‌ له‌ چرکه‌وه‌ ئه‌زێ

له‌ هه‌راسانیی غه‌واره‌ییما و

ئه‌وی ناڕۆم نزیکترم به‌ دوادیداری ئه‌رخه‌وانیت

له‌ته‌ منێکی ته‌مه‌ن نا بڕیاو بێ تۆ

بێ نازێکی شیکتاتۆڕی ژێنیڕاڵیت ،

بێ رۆژ 24 تۆ سه‌عات ،

تۆی به‌ر له‌ زه‌مان ،

تۆی حه‌قیقه‌تی ئه‌به‌دی ،

تۆی ئێسته‌ مه‌ودا ...

په‌یکه‌رێکه‌ له‌ ته‌نیایی ، زه‌مان ...

 

گه‌لاوێژی 2712

 

مردنی شێرکۆ ؟

مردنی ئەو تەنیا درۆیێکی بێ کۆتاییە و بەس ،

بەڵام

حەیف شێرکۆ گیان ،

لە دەربەندی ئازادییا چاوەڕێ بە هاکا گەیین ...