شرۆڤە

ڕۆمانی دەروێش

✍ شەماڵ ئیسماعیل‌پوور

ئەم ڕۆمانە بە قەڵەمی شاعیر و نووسەر مامۆستا عەلی حەسەنیانی(هاوار) نووسراوە و چاپەمەنی مانگ دووهەم چاپی کردووە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ساکار و شیرین نووسراوە و خۆی لە وردەکاری تکنیکی نەداوە و وەکوو حەکایەت‌خوێنێکی دەموڕاوێژ خۆش بەسەرهاتی دەروێشێک دەگێڕێتەوە کە لە چایخانەی گوێزانی زمزیران بە ڕێکەوت تووشی دەبێت . نووسەر چ بەڕاستی تووشی ئەو دەروێشە بووبێت و چ لە دونیای خەیاڵدا ئەوەی خوڵقاندبێ ، جوانی داڕشتوە و جوانی وێنا کردووە. دەروێش پیاوێکی جیهان دیتووی لێزانە کە بەسەرهاتە ناخۆشەکەی بۆ نووسەر ەگێڕێتەوە و ئەم کورتە ڕۆمانەی لێ دروست دەبێت. بڕێک دابونەریت و یاسای سەقەت و کولتووری ناحەزی وەکوو ژن لە پێی خوێن دان زەق دەکاتەوە .لە لایەکی‌تریشەوە بە جوانی زۆڵم و زۆر و جەنایەتی ئاغا نیشان دەدا و ئەو ڕۆژە ڕەشانە وەکوو فیلمێک دێنێتەوە بەر چاوی خوێنەر .لە نێواخنی ڕۆمانەکەدا باسی چەندین شاعیر و گۆرانی‌وێژی گەورەی کورد دەکا و زۆر شارەزا دەیەوێ وەبیر خوێنەریان بێنێتەوە و لە هەر کامیان نموونەیەک شێعر یان گۆرانی سەرکەوتوو دێنێتەوە . لە باری زمانیشەوە ، خاوەنی زمانێکی ڕەسەن و خۆش و ڕێک و لەبارە و گرێ و ناتەواوییەکی تێدا نابینی و چێژی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێ. لە باری جوگرافییەوە بڕێک هەڵەی چکۆلەی تێدایە و خۆزگە نووسەر زیاتر لێی وردببایەتەوە و شارەزاتر بوایە تێیدا. بەگشتی کارێکی جوانە و بۆ ئەوە دەبێت وەکوو ڕۆمان سەیری بکرێ و بخوێندرێتەوە و باسی لەسەر بکرێ.

@taqetirega

زمان

🔸زمانی زگماكی

(یادداشتێک بە بۆنەی ڕۆژی زمانی زگماکییەوە)

✍ د. شەماڵ ئیسماعیل‌پوور


1- نەتەوەی بێ زمان بوونی نییه

ئەو نەتەوانەی كه وڵاتیان لێ ئەستێندراوەتەوە و له كیانێكی سەربەخۆ بێبەشن، تەنیا ڕازی مانەوەی خۆیان له زماندا دیوەتەوە. زمان داڵدەدەری هەموو شتێكی ئەو نەتەوانەیە.گەل تەنیا لە ڕێگای زمانەوە باس لە شوناس و پێناسە و كەسایەتیی خۆی دەكات .زمان كەرەستەی دەربڕینی كامەرانی و بەختەوەری و هەروەها ژان و دەرد و مافخوراوی و بێبەشییە، تەنیا زمانە كە دەتوانێ مكانیزمێك بڕەخسێنێ کە لەو مكانیزمەدا هەموو بابەتە گرینگ و زیندووەكان بكەونە بازنەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە. كاتێ گەلێك نەیتوانی لە رێگای زمانی زگماكی خۆیەوە، كولتوور و شوناس و زانستی خۆی بۆ زەین و سینگی نەوەی داهاتووی راگوێزێ، دار و خاچی خۆی به دووی خۆیدا رادەكێشێ و بەرەو نغرۆبوونێكی ئەبەدی دەڕوات. تەنانەت ئەو گەلانەش کە لە پێش داڕشتنەوەی زمانی نەتەوەیی خۆیان، سەربەخۆ بوون و وڵاتیان بنیات ناوە ، خێرا دەستیان بە ساخکردنەوە و زیندووکردنەوەی زمانەکەیان کردووە و بە هەوڵ و تێکۆشانی پسپۆڕانە بە ئاکامی دڵخوازی خۆیان گەیشتوون. کەوابوو لە هەر حاڵدا دەتوانین بڵێین نەتەوەی بێزمان بوونی نییە و ئەوە پانتایی زمانە چوارچێوە نەتەوییەکان دیاری دەکات. ئەگەر لە وڵاتانی فرەزماندا، زمانێک هەست بە بوونی خۆی و ئازادی خۆی نەکات، لەو وڵات و مەڵبەندە دەڕاسێ و هەوڵی خۆڕاپسکان لە دەستی زمانی سەردەست دەدات. چونکە زمان وەک دەڵێن دیکتاتۆڕە و دەبێ ئەو دەسەڵاتەی خۆی لە هەر بارودۆخێکدا بپارێزێ و بە گۆڕ لە گۆڕەپاندا بمێنێ. هەر وەک دەبینین لە هێندێک وڵاتی ڕۆژاواییدا زمانەکان لە پەنایەکدا دەسەڵاتداری دەکەن و بە بێ هیچ گرفت و شەڕ و ئاژاوە و مەترسییەک لەسەر یەکتر، دمێننەوە.

2- پێگەی زمانی كوردی

كوردیش وەكوو هەموو گەلانی تر لەم بارودۆخه ناسك و ئاڵۆزەدا بە وشیاریی نەتەوەیی گەیشتووە و توانیوییەتی بۆ له قوڕ دەركێشانی بەڕەی خۆی پەل باوێ. هەر بۆیە بۆ رزگاركردنی زمانەكەی لە فەوتان و پەل‌پەلبوون و دیاردەی مەترسیداری زمانكوژی (linguicide) دەستی بە هەوڵێكی ناسیستماتیك كردووه.لە لایەكی تریشەوە بە هۆی هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕی تایبەت بە ناوچەکە زمانی كوردی بۆته زمانی دیوان و خەریكە بە ئەزموونی بوون بە دەسەڵاتدا تێدەپەڕێ. بە هۆی هەوڵی ناوەندەكانی زمانپارێزی كورد بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات و دروستبوونی دیپلۆماسییەكی رێكوپێك له نێوان هەرێم و وڵاتانی دێموكراسیخواز و كراوەدا نیمچە پێگەیەکی بۆخۆی كردۆتەوە و لانیکەم بەرێزەوە سەیری دەكرێ. ئەمانە و چەندین فاكتەری تر باس لەو پێگەیە دەكەن کە زمانی كوردی بۆخۆی مسۆگەر كردووه و رەنگه ئیتر مەترسی لەناوچوونی لەسەر خۆی کەم کردبێتەوە.

3- ئێمه و زمانی زگماكی

هەموو هەلەكان دەقۆزینەوە و بۆ دوارۆژێكی گەش و ڕوونی زمانەكەمان و دڵسۆزانه تێ دەكۆشین:

ئا- له هەموو نووسینەكانماندا بەكوردی دەنووسین و لەم رێگەیەوە خوێندنەوە و نووسینەوەی کوردی لە خۆماندا بەهێز دەكەین.

ب-پەیامە تەلەیفوونییەكانمان(sms) و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان به كوردی دەنووسین و لەم رێگەیەوه هەموان مەجبوور دەکەین ئاوڕ له زمانی زگماكی خۆیان بدەنەوە و بەباشی خوێندنەوە و نووسینەکەی فێر بن.

پ- لە هەر هەل و دەرفەتێك كەڵک وەردەگرین و منداڵان و قوتابیانمان فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی كوردی دەكەین. هەروەها به ئامادەكردنی گۆڤار و كتێبه كوردییەكانی تایبەت به منداڵان، بواری فێربوون بۆ هەموو منداڵانی ئەم زمانه دەڕەخسێنین.

ت- به كەڵکوەرگرتن و گوێگرتن له دەنگ و ئاواز و گۆرانیی كوردی، دەروونی مات و چۆڵمان لە زەوق و گۆرانیی نەتەوەیی پڕ دەكەین و گۆران گوتەنی میزاجی كوردەواریمان له تێكچوون ڕزگار دەکەین.

ج- بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێنین كه منداڵانمان لە بەرنامەی منداڵانەی تەلەفزیۆنە كوردییەكان و ناوەندە تایبەتەکانی بەرهەمهێنەر لەم بوارەدا چێژ وەرگرن و لەم رێگەوە بۆ فێربوون و نووسینەوە و خوێندنەوەی زمانی زگماكی هەنگاو دەنێین.

چ- هەموومان دەبینه مامۆستای فێركاری و زمانەکەمان فێری یەكتر دەكەین و هەموو هەل و دەرفەتەكان بۆ فێركردنی هاووڵاتیانمان دەقۆزینەوە.

ح- له شوێنه گشتییەكان و شوێنی كار و بنەماڵە و قوتابخانەكاندا، گۆڤار و حەفتەنامه كوردییەكان دادەنێین و بەو كارە هەل بۆ زۆربەی هاووڵاتیانمان دەڕەخسێنین كه لانیكەم له ڕۆژدا چەند ساتێك چاو له نووسراوه كوردییەكان بكەن و رۆژ لەگەڵ رۆژ چێژی زیاتر له زمانەکەیان وەربگرن.

خ- له قسەكردن و باس و خواستەكانی رۆژانە لەگەڵ بنەماڵە و كەسانی دەورووبەرماندا له وشەی جوان و ڕەسەنی كوردی كەڵک وەردەگرین و زمانمان بەگشتی له وشەی زمانەكانی تر پاك دەكەینەوه. هەموومان به كوردی ئەدوێین و بۆ كەڵکوەرگرتن له وشەی رەسەن و دۆزینەوەیان زەحمه ت دەكێشین.

🌐 https://saqqezrudaw.ir/?p=15564

🆔 @saqqezrudaw

شێعر

(چەمەڕا)

هیچ ئاسمانێ
پێی ناڕەوێ
ئەو هەورەی وا
لێزمەی باران بیباتەوە

ڕشەبا قەت
پێی نانەوێ
ئەو چیایەی
بۆ گۆرانی زارۆکی زیت
گوێ هەڵدەخا و
بە ئاوازێک دەنگ دەداتەوە

جەنگ و هەرا ناگرێتە خۆی
گۆڕەپانی ئەو چیرۆکەی
پەیکەری ئاشتی لەسەر شانە و
پیرەدایکی دێموکراسی
بۆ نەوەی نوێی دەڵێتەوە

هیچ هێزێک پێی دانامرکێ
ئەو ئاگرەی
تا زەردە دێتە سەر سەران
بە دەوریدا سەما گەرمە و
شەوەزەنگێک
بەدەستی ژن دەکرێتەوە

شەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega

شێعر

(کاروان)

ئەم کاروانەشەوپێوە
ئۆقرەی خستۆتە کازیوە و
چی کاروانچییە سارەوانە
وشیار وشیار
لە کاروانکوژە تێپەڕیوە
گوێی داوەتە قاسپەی ئەو کەوەی
چیدی لە ڕکەدا ناخوێنێ و
لەسەر دووندێک
بەدەم شەونمەسروودێکی
سەر پەڕەی گوڵی سەربەستییەوە
حەزەکانی بۆ ئاسۆ چڕیوە
باری کاروان
چەپک چەپک سوورەگوڵە
پڕپڕ لە بۆنی ڕزگاری
بۆ نێو دەستی ئەوانەی
بۆ قومێک کازیوە و تاڵێک لە هەتاو
جەرگی شەوەزەنگیان دڕیوە
ئەم کاروانە
لە بەیاندا پشوو دەدا و
لە پێدەشتی چیای ئاوات
بارگەی دەخاتە دەم کانی
ئەوجێیەی کابەی مرادە و
ڕێگەی دووری بۆ بڕیوە

شەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega

شێعرێک بۆ قاقڵاوا

 ‌ (قاقڵاوا)

قاقڵاوای جوانم لانکەی منداڵیم 
جێگەی هەزاران شیرینی و تاڵیم
هەر ئاوەدان بی و جوانیت لێ نەبڕێ
نەیارت ورگی  لە داخا بدڕێ
ئاواتی ئاوات بەسیماتەوە
وەک شۆخە خۆرێ شەوق ئەداتەوە
بەهەشتە قۆپی و کانی لابەلات
دڵ و لاویەتیم جێهێشتووە لە لات
دڵ تەنگم لە بۆ ئێوارەکانت
یان شنەی نەرمی بن دارەکانت
دڵم وەک ماسی لە گۆمی بەردێ
چاوی دەبڕێتە ڕێگەی پشت بەردێ
بەشکوو وەک جاران کیژی شۆخ و شەنگ
بێن بەرەوە چۆمی بە ئاواز و دەنگ
دڵ بگۆڕنەوە بە سیلەی چاوێ
لە گەڵ کوڕانی تینووی دەم ئاوێ
وزەی  نەورۆزی شاخەڕەشانت 
هەموو بەهارێ دەکەوتە گیانت
دەرکی مزگەوتت شێعری لێ دەڕژا
ئەوینی کاڵم هەر لەوێ برژا
ئێستاش لە گوێمە دەنگی ئاواتت
دەبووە شاری دڵ گش سات و کاتت
خۆم دەشاردەوە لە شار و حەپسی
ڕۆحم دەسپاردە مامۆستا شەمسی
کوردایەتی بوو وانەی زێڕینی
هەنگوینی ڕۆحمن گفتی شیرینی
بزەو و جەفەنگی پیاوانی زانا
بەو ژینە خۆشەی ئەبەخشی مانا
داخی داخانم  ئێستە بێ نازی 
لە سینگی شاخا سازی ناسازی
نە دەنگ و هەرا نە قۆپی و گۆمێ
نە پۆلە کیژی دەم ئاو و چۆمێ
نە خۆشی و بەزمی  گەڕەکی سەرێ
نە هاتووچۆکەی وەتاغی دەرێ
نە دانیشتنی سەر داری مزگەوت
نە گۆزە و کانی ، نە لەنجە نە ڕەوت
نە هاتوو چۆکەی خێڵی عەلییە شەل
نەپیاو چاکانی ڕیز بەستووی دەم کەل
ئاخۆ لەبیرتە گوندە جوانەکەم
گەورە ماڵەکەی خێڵ باوانەکەم
یان ماڵی سۆفی و حاجی و دەروێشت
یا خۆ ڕەشایی و جووت بەندەی دیشت
یان سەڵتە ماڵ و شێت و پەتیارەت
یان تۆز و فڕکەی دۆج و سەیارەت
لە هەر جێیەک بم ڕۆڵەی داوێنتم
فرچک گرتووەکەی هەوای خاوێنتم
بەردی  ڕۆژگار نەتهاڕێ وەک من
جوانیت نەسووتێ بە دەستی دووژمن
ئاواتت مەل بێ و ئەمجار بگرێ باڵ
موژدەی ئازادیت بۆبێنێ شەماڵ

     شەماڵ ئیسماعیل پوور 

@taqetirega

خوێندنەوەی ڕۆمان

 ‌ کورتە پێناسەیەک لە ڕۆمانی
( دەریاس و لاشەکان)
         شەماڵ ئیسماعیل پوور

ئەم ڕۆمانە لەو کارە پڕچێژانەی بەختیار عەلی‌یە کە وەکوو زۆربەی ڕۆمانەکانی‌تری مەستی و وشیارییەکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت. بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا پڕژاوەتە سەر بابەتی شۆڕش  و شۆڕشگێڕی مڕۆڤی ڕۆژهەڵات . دەیەوێ  بڵێ مرۆڤی ڕۆژهەڵات بەردەوام بەدوای فریادڕەسێکدا دەگەڕێ و هیچ باوەڕێکی بە خۆی و تواناکانی خۆی نییە. پێیوایە شۆڕش لێرە دەرگا لە سەر سەردەمێکی تازەی خورافات دەکاتەوە. باس لەوە دەکات کە هەموو ڕۆشنبیران ناتوانن هێندەی نیوەی مەلایەک کاریگەرییان لەسەر خەڵک ببێت. بە چەمکی شۆڕش‌دا شۆڕ دەبێتەوە و دەڵێ شۆڕش ناکرێت تا خورافەتێک ، ئەفسانەیەک یان دینێک خەڵک نەجووڵێنێت.خەڵک یەکێک مەزن دەکەنەوە و دەیخەنە خزمەت شۆڕشەوە . ئاوڕ لە بیرۆکەی "خودا مردی" نیچە دەداتەوە و دەڵێ خەڵک نەزانن و لە سەر زەوی بۆخودایەک دەگەڕێن و چونکە نەبوونەتە مەزنە مرۆڤ ، دەبێ ئەو خودایە بدۆزنەوە . بەراوردێک دەکات لە نێوان شۆڕشی گەلانی ئورووپا و ڕۆژهەڵات و دەڵێ کە شۆڕشی ئەوان بۆئازادییە و هی گەلانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ ئەخلاقە. دەڵێ وابەستەیی کوشندەی مرۆڤی ڕۆژهەڵات بە ئەخلاقە. ئەوسا دێتە سەر کۆیلەبوونی مڕۆڤی ئێرە و سوژدە بردن بە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ دەزانێ و دەڵێ کەسێک ڕۆژێ پێنج جار سوژدە بەرێ ، ئیتر بێ سوژدە بردن هەڵناکات. لەوە قوڵتریش دەبێتەوە و دەڵێ سوژدە بردن بەشێکی گرینگی سیاسەتە. بەختیار عەلی پێیوایە لە ڕۆژهەڵات کەس باوک‌کوژی ناکات و بەڵکوو باوکان بە مردووییش هەر دەمێنن و دەسەڵاتدارن.لای وایە  لێرە تەنیا شتێک کە شۆڕش دەیگۆڕێ سەرۆکەکانن. لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕۆژی یەکەمی شۆڕش‌دا بەردەوام باسی ئەو ئاسنگەرانە دەکات کە دێن و شوێنی تایبەت دروست دەکەن ، ناڕاستەوخۆ وەبیرهێنەرەوەی ئوستوورەی کاوەی ئاسنگەرە .بۆ نیشاندانی زۆتر بوونی هێز و هێژموونی  مردووەکان و نیشاندانی مردووپەرەستی  لە ڕۆمانەکەدا شۆڕشگێڕان هێرش دەکەنە سەر گۆڕستان تا بێڕێزی بە مەزاری سەرکردە کۆچکردووەکان بکەن . جەنگ هەمیشە بەشێک لە ژیانی خەڵکە . دەڵێت لێرە شتەکان یان وێستاون یان لە جەنگدان . لە زمان دایکە سەجادەوە دەڵێ: لێرە خەڵک تا نەمرن تێناگەن بە زیندوویی چ بەشەرێکی نەفام و بێ‌مێشک‌بوون . بە پێچەوانەی ڕۆڵی ئورووپا کە چاخانەکان بوونە ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕێنسانس ، لێرە چاخانەی داشەهارە دەبێتە ناوەندی شۆڕش و بنکەی سەرەکی بڕیاری شۆڕشگێڕان . ئەلیاسی شۆڕشگێر کە دەبێتە سەرکردە چیتر ئەو پیاوە ڕۆح سووک و لەبەردڵانە نامێنێ و  دوای ماوەیەک دڵڕەق و توند و تیژ دەردەکەوێ . لە لای هەردوو لایەنی جەنگ مردووەکان بێ خێر و بێ کەڵک چاولێدەکرێن و تەنیا بۆ گەورە نیشاندانی بڕاو و عەقیدەی سەرکردەکان وەک شەهید ناودەبرێن. نووسەر پێیوایە کە لێرە بەردەوام مێژوو دووپات دەبێتەوە و هەموو شتەکان هەمان شتی پێشوون و تەنیا شتی تازە ڕوخساری مردووەکانە . دەڵێ لێرە تەنیا دین و سیاسەت حوکم دەکات . مەترسی بۆ هەقیقەت لێرە هیچ گرینگ نییە و تەنیا ئەوە گرینگە کە وەهمەکان نەکەونە بەر مەترسی. لەجەنگی هەقیقەت و وەهمدا سەرکەوتن هەمیشە بۆ وەهمە . دەریاسێک کە نازانێ دایکی بنێژێ و لە بەر غەریبی و لە خەڵک نەگەیشتن دەبێتە مامۆستای مردوو ناشتن و هاودەم‌بوون لە گەڵ لاشەکان هەڵدەبژێرێ . لێرە دەسەڵات بە عەقڵی عەوامەوە بسراوەتەوە . هەموو شتەکان بۆ سیاسەتە و تەنانەت شەهیدبوونیش ئەو سێحرەیە کە هەقیقەت بە بەر درۆکانی سیاسەتدا دەکات . دەریاس زوو زوو چاویلکەکەی دەسڕێ ، وەکوو ئەوەی بەردەوام بەرچاو ڕوونی بۆ گرینگ بێ و بیهەوێ هەقیقەتەکان ببینێ و بەپێچەوانەی ئەلیاس کە چاویلکەکەی ناسڕێ و هەمیشە وەکوو سۆڕشگێڕێکی نەگۆڕ دەمێنێتەوە.شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی جەنگاوەری ئیمانن و دەریاس وەکوو جەنگاوەری ڕۆشنبیری لای وایە کە لەم چەشنە شۆڕشانەدا هەردوولا لە بازنەیەکی بۆشدا دەسووڕێنەوە و جگە لە لاشە هیچی دی تیا بەرهەم نایەت. لە بەشی دوو برا لفەدوانەکەدا (ژنڕاڵ و براکەی) زۆر جوان ئاماژەی بە فریوی شۆڕش و قارەمانپەروەری کردووە . بەختیار عەلی پێیوایە کە جەنگی لەم چەشنە قەت کۆتایی پێنایە و هەر بەردەوامە و شەری بەدر و ئوحود و کەربەلا وەکوو نموونە دێنێتەوە. جەنگاوەرانی نیو ئەم ڕۆمانە بەردەوام وەدوای تارمایی دەکەون و شەڕ بۆ سەرکردە تارماییەکان دەکەن و........
@taqetirega

شیعر

 ‌  ‌ لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم 

شەماڵ ئیسماعیل پوور

تۆ 
هیچ بەیانێک 
نە لە سەفەری ناکامڵی مانگ دەدوێی 
نە ئەستێرەیەک 
دەکەیە نیشانەی ئەو ڕێگایەی
تریفە‌شەو بەرەو مانگت دەبا
منیش
هەموو ڕۆژێک
شەتڵی گزینگ لە دێراوی ئەوین دەدەم و
لە پاراو دا
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ 
بۆ شەونمی بەرەبەیان
نە لە باران و سەوزە دەدوێی 
نە لە سەر پەلکی هیچ گوڵێک
نمێک لە سپێدە دەخەیتە چاو
منیش
نمەنمە بە شۆڕابەی شەو دا دێم و
لە چەخماخە و شەبەق دەخێزم 
سارین
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ 
تاڵێک لە شەو بەدوو خۆتدا ڕادەکێشی و
هەودا هەودا شەوان لەیەک گرێ دەدەی
منیش
بۆ زەردەی سەران دێمە سوژدە و 
نوقمەساری هەقیقەتم
چێشتەنگاوان
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
داری هیچ پرسیارێک
لە زۆنگەڵەی مێشکت 
بنج‌داناکوتێ و
منیش
گەڵای پرسم تورتن
کاتێ گوڵی وەڵام دەگرن
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
بە بێ خەونێک هەر لە خەو دای
بێ گرێدانی دوو لق تیرێژ
تەنیا هەبوون بوونی تۆیە و
منیش
چۆپی گری بیرم لە شەوگەڕدا
پاش دەسبەردان و هەونای دەهۆڵ
لە تەعبیری خەونەکانم دەترسم

تۆ
قەدەرت بە چارەنووسمەوە
پێکانمان پێملی یەک ڕێن
ئەوەی ڕێبوارە دەژی
هەبوون وەنەوزە بۆ مان و نەمان
زۆنگەمێشکان دەکەینە باغ
گەڵا گەڵا پرس بڕوێ
خەونەکانمان 
لە پەنجەی هیچ خەولێکدەرێک ناخەین
لە گەڵ هەر هۆرامانێکدا 
لە سەر دەستی تیشک و هەتاو 
خەونی نوێمان تەعبیر دەکەین
لە ئیشراق و هەتاو دەدوێین
بە دەروازەی هەقیقەتا تێدەپەڕین
بە ملیۆنان ڕووەکی نوێ
دەگوورێین و بەلەز دەڕوێین

@taqetirega

خوێندنەوەی ڕۆمان

 ‌ کورتە باسێک لەسەر ڕۆمانی" منداڵباز "ی فەرهاد پیرباڵ

شەماڵ ئسماعیل پوور

منداڵباز ڕۆمانێکی فەرهاد پیرباڵە و چاپی دووهەمی ئەم ڕۆمانە هی ساڵی 2006 هـ
فەرهاد پیرباڵ دەیەوێ کۆمەڵێک کێشەی گەورە بێتێتە بەرباس کە بەداخەوە کۆمەڵگای کوردی ئاوڕی لێ نەداوەتەوە و توێژینەوەی لە سەر نەکردووە. باسی سەرەکی  ئەم ڕۆمانە  کێشەی منداڵی نێرینەی کوردە. ڕۆماننووس دەیەوێ بڵێ کار لە تەمەنی منداڵیدا بۆ مندان کۆمەڵێک کێشەی ڕۆحی و دەروونی و جەستەیی دروست دەکات کە هیچ کات و لە هیچ تەمەنێکدا قەرەبوو نابێتەوە و هەمیشە سێبەری نەحسیان بە سەر ژیانی تاکی کۆمەڵگادا دەمێنێ. یەکێک لەو دەردە گەورانە کە ئاوقەی ژیانی منداڵ دەبێت و دواتر هەموو تەمەنی بۆژۆ دەکات ، تەجاوزکردن بە منداڵە. ئەو منداڵەی لە باتی ئەوەی لە قوتابخانە بێت و وانەی ژیان فێر ببێت و بە ساغی و شێوەیەکی دروست گەورە و پەروەردە ببێ ، لە بن کارتێکەری ئاکاری بۆگەنی گەورەکاندا دەمێنێتەوە و ئەو بۆگەنییە خۆ لە بەر لووتی  دوور ناخاتەوە و هەموو ژیانیشی لێ بۆگەن دەکات . باس لە چاوی پڕ لەحیزیی پیاوی ئەو کۆمەڵگایە دەکات کەلەبەر داپۆشراوی هەمیشەیی و لەماڵخزانی ڕەگەزی بەرانبەر هیچ کات بواری ئەوەی بۆنەڕەخساوە تێر لە دیداری ژن و ڕەگەزی مێیینە بخوات و بۆ دامرکانی هەستی نێرینەیی خۆی پەنای بۆ ئاکاری چەوت و ناحەزی منداڵبازی بردووە . بەم کارە لەلایەک خۆی هێورکردۆتەوە و لە لایەکیش ڕۆح و هەستی خۆی و منداڵی بەستەزمانی بۆ هەمیشە تێکداوە و کەسایەتی هەردوولای شێواندووە. فەرهاد پیرباڵ لە لایەکی‌تریشەوە زۆر شارەزایانە باس لەو فرتوفێڵە دژە مرۆیانەی سەددامی دیکتاتۆر و بەعسی سەرشۆڕی مێژوو دەکات کە بۆ تێکدانی کۆمەڵگای کوردی لە هیچ فێڵ و ئاکارێکی حیزانە نەپرینگاونەتەوە و تەنانەت ڕەحمیان بە منداڵی پاک و بێگەردیش نەکردووە ولە دەیان ئاکاری پیس و نامرۆڤانەیانەوە ئاڵاندوون. فەرهاد باس لە کۆمەڵگای داخراوی مۆڕاڵ بە ئابڕووە گرێدراو دەکات کە تاکی کۆمەڵگا لە ترسی بێ‌ئابڕوویی و حەیا چوون پەنا بۆ منداڵ کوشتن و خۆکوشتن دەبات و بۆ پاک کردنەوەی  کۆمەڵگا لەم ئاکار و بیرچەوتی و حیزەکارییە هیچ ناکات.هەر بۆیە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا جابیرجەنازەی باوکی یووسفی منداڵ و بێ‌سەروشوێنکراو و ئەتککراو لە باتی ڕاسان و یاغی بوون لە وەها کۆمەڵگایەک ، خۆی بە پەتەوەهەڵدواسێ و چاوی ڕۆحی لە بێ‌ئابڕوویی دەبەستێ و ئەم نەریتە پڕ لە خوێڕیگەری و ترسنۆکانەیە بۆ یاسینی کوڕی بە جێ دێڵێ. لەم ڕۆمانەش دا ڕۆڵی ژن چ وەک دایک وچ وەک خوشک، تەنیا گریان و شێت بوون و وڕینەکردنە. لە کۆتا خەونی یاسینی برا ئەتک و بێ‌سەروشوێن کراودا منداڵان دێنێتە مەیدان و بە هیوایە بەرەیەکی تازە لەدایک بن و هیوادارە ئەو بەرەیە پەشێوگوتەنی ژەنگی مێژوو دابشۆرن و کۆمەڵگا لە چەوتی و پڕ لە ناحەزی ڕزگار بکەن.

@taqetirega

سێعر

(نووری ئاتەشگا)
            بۆ شەهیدانی سروشت پارێز

خۆم دەسووتێم تا وڵاتم گڕ نەچێتە نێو لەشی
چاوەکانم بابسووتێن کزنەبێ چاوی گەشی
سەد هەزاران کەمتیاریش ببنە مۆتەی باخ و ڕەز
میوەکەی سەربەست وئازاد،تۆ بەشی باغی مەشی
من گڕێک بەربێتە جەستەم نووری ئاتەشگایە بۆم
با لەبەر شۆقم ببینێ دوژمنم چارەی ڕەشی
ناحەزان ئاگر بە جەستەی نیشتمانمدا دەکەن
من لە ئاوی مۆمی ڕۆحم پێی دەدەم ئێستا بەشی
پڕ بە مێژوو ئاگری بەربۆتە جەستە و ئێستەکەش
هەربەپێوە ڕادەوەستن دوند و شاخی سەرکەشی
ڕۆحی یاران بۆتە باران، قاقڕی خاکی وەتەن
لادەچێت و داری ئاوات دێتەوە کات و کەشی
سەدهەزاران خەونی پیست بۆ دەبینن خێڵی شەو
جوانی فەرموو مامەهێمن هەردەمێنی وهەر هەشی

         شەماڵ ئیسماعیل پوور


@taqetirega

وتار

رەحیم لوقمانی شاعیرێک لە خێڵی داربەڕوو
 
             د.شەماڵ ئیسماعیل پوور 

  خەم و دەردی زەمانە پیری کردووم وشک و بێ زەوقم 
  کە شاعێروشک و بێ شۆر بوو لەناو خەڵکی دەبێ لاچێ(مامۆستا هێمن) 
 
کەم شاعێر هەیە وەکوو مامۆستا ڕەحیم لوقمانی بە لاوی شێعرەکانی کرابێتنە بەستە و گۆرانی و لاوانی وڵات بە شۆر و زەوقەوە بیڵێنەوە و ئاوا زوو بچێتە دڵی گەلەکەیەوە. ڕەنگە هۆی ئەمەیش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مامۆستا ڕەحیم لوقمانی خزمەت بە ئەدەب و فەرهەنگ و فولکلۆری کوردی( بە هەموو لقەکانییەوە) و هەروەها ڕۆشنگەری کردبێتە هەوێنی کارەکانی و بە زمانی نووسین و موسیقا و دیکەی هونەرەکانی ترلە مەیدانی چالاکی و ڕاژەدا بووبێت. لە ئاوڕێکی خێرا لە کار و چالاکییەکانی ئەم شاعێرە دەروەستە دەمانەوێ سەرپۆش لە سەر ئەم ڕازە لادەین و بێ ئەوەی هەوارمان لە بەستێنی پێداهەڵگوتن و تاریفی نابەجێ هەڵدابێ لە ڕێی کارەکانییەوە جارێکی تر بیناسینەوە. 
بە درێژایی مێژوو شاعێران یان دۆستی دەسەڵات بوون و لە لایەن  حاکمان و دەسەڵاتدارانەوە گەورە کراونەتەوە و خەڵاتیان پێ دراوە و لە پڕدا وەکوو کارگ هەڵتۆقیون ،یا خۆ دژی دەسەڵات بوون و بە شێوەی جۆراوجۆر سزا دراون. دیارە شاعیری دیوەخان و دەسەڵات فڕی بە سەر ڕۆشنگەری و ڕۆشنبیرییەوە نەبووە و تەنیا کاری ئەوە بووە بە شان و شکۆی میردا بخوێنێ و پرێسکە پرێسکە زێڕ و ئاڵتوون وەربگرێ و و شێعرەکانیشی پێش لە خۆی بمرن و لە بن سەری حاکم و میردا بنێژرێن. بەڵام شاعیری دەروەست و دژە دەسەڵات هەر بە زیندوویی لە دڵی خەڵکدا ماڵ دەکاتەوە و پاش مەرگیش هەر لەو ماڵەدا دەمێنێ و شێعرەکانیشی وەکوو ئەستێرە پرشنگ داوێن. 
ڕەحیم لوقمانی شاعیری دژە دەسەڵاتە و هەمیشە قەڵەمی سەر شۆڕ و شێعری ڕووڕەشی لە قاوداوە و باسی ئەو بەرماڵە شێعرییانەی کردووە کە ڕووگەیان کەعبەی دۆلار بووە. بۆخۆشی وەکوو شاعێر لە گەندەڵی کورسی و دەسەڵات و بۆنی زێڕ سووتی نەفت دەدوێ. لە هەموو ئەو شتانە بێزارە کە زوڵمی دەسەڵات دەکاتە خێر و بەرەکەت و چاوبەستانە بەسەر خەڵکی هەژاریدا دەبارێنێ: 
وا دەبینم هەمووڕۆژێ  
پیاوانی سەرخۆشی دەسەڵات  
پیاڵە پیاڵە عەداڵەت و  
پەرداخ پەرداخ ئارەقی ڕۆحی گەل و 
مەزە مەزە مافی ژنان دەخۆنەوە… 
بۆ نیشاندانی جیاوازی نێوان خەڵکانی لێزان و شارەزا و خەمخۆر و مرۆڤدۆست لە گەڵ حاکمان و پیاوانی دەسەڵات شاعیرانە جلوبەرگی لورکا و گادامێر و ڕامبۆی شاعێر و ڤیکتۆرگارا و چامسکی لە بەر شاعیران و هونەرمەندان و نووسەرانی وڵات دەکات و جلوبەرگ و پۆتینی هیتلێرو ستالین و موسولینی و پینووشە دەکاتە بەر حاکمان و پیاوانی دەسەڵات. 
ئەگەر کاک سوارەی شاعێرکاتی خۆی ناخۆشییەکانی ژیانی لە شاردا دەبینێ و دڵی لە شاردا پڕ لە دەرد و کوڵ دەبێت، ئەوە لوقمانی شاعیر دەبێنێ کە چاوی گوندیش بە شەوارە کەوتووە و گوندیش لە گوڵ ئەستێرەی باخی شەو بێ بەشە و قاقای موتۆڕ دەنگی زەمزەمەی وردەخیزەکانی کانی دەخنکێنێ: 
بێوەژنی درەختی بێ شنەی قژ زەرد 
تاسەباری حەسانەوەی ڕێبوارێکە 
….. 
کاتێک گەلێک بە ماوەی سەدەیەک چالاکی و تێکۆشان پەیتا پەیتا شکست دێنێ و کارەساتی جەرگ بڕی بەسەردا دێ و ناکامی باڵی بەسەردا دەکێشێ، ئەمجارە وەهم سەرتاپا ژیانی خەڵک دادگرێ و بەختیارعەلی گوتەنی هەموان بەردەوام دەکەونە دوای تارمایی و شەڕبۆ سەرکردە تارماییەکان دەکەن. هەر بۆیە شاعیر لە شێعری پەشیمانی دا بە قووڵایی ئەم وەهمەدا ڕۆدەچی و وەکوو ڕۆشنگەرێکی لێزان بەردبارانی پەنجەرەی ئەندێشەکان دەکات. وەهم ژیان دادەگرێ و عەداڵەتی نەبوو وەک تراویلکەی خۆی دەنوێنێ و شتە پیرۆزکراوەکان خۆیان دەسەپێنن و سادە خەیاڵیش دەنگ بە مەرگی خۆیان ئەدەن. پەشیمانی ئەو شێعرەیە کە شاعێر لە گەڵ ئەوە دا لە هەموو وەهمستانی شێعرەکانی پەشیمانە،خوێنەر ڕادەچڵەکێنێ لە وەهمستان دوورکەوێتەوە و لە کێڵگەی ژیرستانی دا ژیری و حەقیقەت بچێنێ و ڕاستەقینە بدروێتەوە: 
دنیا کێڵگەی ڕەنگاوڕەنگی وەهمستانە 
نووستوانی وەرزەکانی وشکی خەیاڵ 
ژین دەچێنن،مەرگ دەدروون 
ئەی هاوڕێیان لێم دوورکەون! 
پەتای پەشیمانی نەگرن! 
ئەوکاتانەی نان دەچێتە پشتی شێر و بۆ پەیدا کردنی،کەرامەتی چینی هەژار و نەدار دەشکێنێ و مناڵانی برسی بۆ نان و تێرکردنی خۆیان سەر بە زبڵی کەناری شاردا دەکەن،شاعێر وەکوو کامێرا بە دەستێکی لێهاتوو لە لێنزی وشەوە ئەم حاڵەتە دەخاتە بەر چاو و دەردەکان زەق دەکاتەوە. لە هەڕاجی جەستەی جوانی سادە ژنێک دەدوێ کە لە بازاڕی کەسادی ژین دا کەرامەتی دەشکێ و بۆ مانەوەی مناڵەکانی ملکەچی ئەو بارودۆخە دەبێت. لەو شێعرە بیژوانە دەدوێ کە لە بەرکەوشی پێی سوڵتاندا کڕنۆش دەبەن.

ادامه نوشته

وتار

ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور ....هه‌ڵه‌بچه‌ که‌وڵی سواڵی یان شوناس

 

کورد هه‌میشه‌ مه‌زڵوومییه‌تی خۆی له‌ رێی ئه‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگ‌بڕانه‌وه‌ نیشان داوه‌ که‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌ سه‌ری هاتووه‌. ده‌بێ مێژوو به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ و کاره‌ساته‌کان به‌ سه‌د باره‌ بوونه‌وه‌ ئه‌وه‌یان پێ فێر کرد بێت. کورد دایمه‌ له‌ له‌شی خوێنێکی تازه‌چۆڕاوه‌ و به‌ برینێکی نوێ‌وه‌ ناڵاندویه‌تی

هه‌ر ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆ که‌ له‌ جێی ئه‌وه‌ی بۆ مافه‌ ره‌واکانی تێبکۆشێ، له‌شی زاماری له‌ به‌ر تیشکی گنخاوی خۆری عه‌داڵه‌ت هه‌ڵخستووه‌ و سه‌د مخابن له‌باتی سارێژ بونه‌وه‌، له‌ چێشته‌نگاوێکی کرمنی مێژودا زامه‌کانی کرمێ‌تر بووه‌. به‌ جۆرێک که‌ مرۆڤه‌کانی‌ تر له‌ ترسی ده‌ردو ئازار لێگرتنه‌وه‌ی لێی هه‌ڵاتوون و قه‌ره‌ی نه‌که‌وتوون. ئه‌م زام نیشاندانه‌ و خۆ زه‌لیل‌ کردنانه‌ ئه‌وه‌ی لێ که‌وتۆته‌وه‌ که‌ له‌ یاساکاندا به‌ مرۆڤی پله‌ دووی ناو به‌رن و ته‌نانه‌ت کۆڕ و کۆمه‌ڵگا مرۆڤ‌دۆسته‌کانی جیهانیش ئاورێکی به‌خێری لێ نه‌ده‌نه‌وه‌. کاتێ مرۆڤ خۆی که‌متر له‌ ئه‌وانی تر دی ده‌بێ ئه‌وی تر چۆنی بۆ بڕوانێ؟ یان ئه‌وه‌تا به‌ زگ پێ سووتان و به‌زه‌یی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستی ده‌گرێ و له‌ بن سێبه‌ری دیواری ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێکی به‌جێ دێڵێ، یاخۆ به‌ سه‌ر راوه‌شانێک و تێڕامانێکی حه‌کیمانه‌وه‌ به‌ ده‌ستی قه‌زاوقه‌ده‌ری ده‌سپێرێ. هه‌ر بۆیه‌ به‌م کرده‌وه‌ دزێوه ی خۆمانه‌وه‌ دایمه‌ له‌ بن سێبه‌ری ماڵه‌ خانان به‌یت و باومان بۆ زامه‌کانمان ساز کردووه‌ و به‌ ده‌نگێکی کز و لاوازوه‌ به‌ ده‌م باماندا داوه‌ و هه‌ندێ جاریش له‌ سایه‌ی ده‌ست و قاچی په‌ڕیومان به‌زه‌ و خێرخوازی مرۆڤه‌ دڵسۆزه‌کانمان کردۆته‌ سفره‌ی ژه‌مێک و ژه‌مه‌کانی تر برسی و هه‌ژار سه رمان ناوه‌ته‌وه‌. هیچ گومانێک له‌وه‌دا نیه‌ که‌‌هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌کێک له‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنانه‌یه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌چێته‌ ناو خانه‌ی به‌شێک له‌و ژینوسایده‌ی گه‌لی کورده‌وه‌، که‌ ناسیۆنالیزمی به‌عسی شۆڤینی بۆ پاکتاوکردنی ئه‌م گه‌له‌ به‌ڕێوه‌ی بردووه‌. مۆرێکه بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ ته‌وێڵی مروڤایه‌تیه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ترسناکتر‌ین کارساتێکه‌ که‌ مرۆڤ له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ. به‌شێک له‌ ترسناکی ئه‌م کاره‌ساته‌ بۆ بێده‌نگی بیروڕای جیهانی و زلهێزه‌کان و سه‌رپۆش خستنه‌ سه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌شێکی تری ژه‌هراوی کردنی ناوچه‌که‌ی ره‌نگینی سه‌ر زه‌وی‌یه‌ که‌ ئێستاش ئاسه‌واره‌ دزێوه‌کانی ژیانی له‌ گیان له‌ به‌رانی ناوچه‌که‌ تاڵ کردووه‌. ئه‌م ئازاره‌ سامناکه‌ له‌ پێش هه‌موو شتێکدا ئازاری ویژدانێکه‌ له‌ به‌رانبه‌ر بێده‌نگی. بێده‌نگ بوون له‌ به‌رامبه‌ر کردوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ بۆ به‌ نامرۆڤ نرخاندنی ئه‌و گه‌له‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ مێژوو وه‌کوو پله‌ دوو ده‌ست‌نیشانی کردووه‌. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌ڵکه‌وت رووی نه‌دابێ که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ جیهاندا بۆمبی ناپاڵم له‌ کوردستان و له‌ په‌نا به‌رده‌ قاره‌مانی شێخی نه‌مر ده‌ته‌قێته‌وه‌. له‌و لاشه‌وه‌ جیهان به‌‌ئارامی له‌ رۆژێکی زۆر دڵبزوێنی به‌هاری‌دا له‌ گوێی گادا ده‌نوێ. ده‌بێ کاتی ئه‌وه‌ هاتبێ که‌ کورد له‌ باتی ئه‌وه ی خۆی به‌ حه‌ماسه‌ دۆراوه‌کانیه‌وه‌ هه‌ڵواسێ و شانازیه‌کانی به‌ هه‌ودایه‌کی بێ‌پسانه‌وه‌وه‌ بۆ به‌ره‌به‌یانیه‌کی ڵێڵ و ناڕوونی مێژوو فڕێ بدا. سه‌رهه‌ڵدانه‌ ره‌واکان و سازدانی کۆمار و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌کانی وه‌ک ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ بکا به‌‌شوناسی خۆی. به‌ شوناسێکی سه‌رده‌میانه‌ و مرۆڤانه‌وه‌ بێته‌ مه‌یدان و وه‌ک گه‌لێکی ماف‌زه‌وتکراو داوای مافه‌کانی بکات. ئاخۆ بۆره‌ هێز وهێزو زلهێزه‌کان به‌م پێناسه‌ که‌ ئێستا له‌ خۆیانیان هه‌یه‌، چه‌نده‌ ده‌توانن ئه‌م شوناسه‌ به‌هێزانه‌ی کورد به‌ که‌م بگرن و چاویان لێ بنوقێنن؟ پڕۆسه‌ی دیموکراسی‌خوازی هێنده‌ به‌هێزه‌ ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌ نادیموکراته‌کانیش خۆیان به‌ لاینگر و سه‌ربازی دیموکراسی ده‌زانن. که‌‌وا بوو چی له‌و شوناسانه‌ قایمتر و به‌که‌ڵکتر بۆ سه‌لماندنی ره‌وا بوون؟ ئه‌وه‌ش حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ دیموکراسی کاتێ وه‌ک خۆی له‌‌ئاڕادا بێ و به‌ پێناسه‌ی چه‌واشه‌وه‌ خۆ به‌ ماڵ و حه‌ساری که‌س‌دا ناکا، ده‌بێته‌ سه‌کۆیه‌کی پان و به‌رین، به‌ جۆرێ که‌ هه‌ر گه‌لێکی چه‌وساوه‌ خۆ باوێته‌‌سه‌ری و له‌ وێڕدا ده‌نگی به‌ هه‌مووان بگات. که‌ وا بوو ئه‌وه‌ سه‌کۆی نیشاندانی بوون و ده‌سه‌ڵات و شوناس و ئه‌وه‌ش شوناسی به‌هێز و پڕ له‌‌شانازی(ده‌بێ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌کوو ئه‌و نرخه‌ چاو لێ بکه‌ین که‌‌کورد بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی داویه‌تی). که‌ وا بوو ئێستا هه‌ست به‌و پێویسته‌ ده‌کرێ که‌ چی تر ئێمه‌ی کورد ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و کاره‌ساته‌ خوێناوییه‌کانی تر نه‌ که‌ینه‌ که‌وڵی سواڵی و له‌م رێگایه‌یه‌وه‌ سه‌رنجی ئه‌وانی تر بۆ لای خۆمان رانه‌کێشین، به‌ڵکوو له‌به‌ر باره‌گای نه‌ته‌وایه‌تی‌ و شوناسی تازه‌ماندا ئه‌مانه‌ وه‌کوو موئه‌لیفه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری شوناسمان له‌ جامخانه‌دا دابنێین و ئه‌وانی تر به‌م روانگه‌وه‌ بێنینه‌ گۆره‌پانی سه‌رنجه‌وه‌ که‌‌جامخانه‌ی شوناسی کورد چی‌تر له‌ سه‌ر مه‌زاد نیه‌ و به‌ها و نرخی ئه‌م شوناسانه‌ هێنده‌ زۆره‌ هیچ دراوێکی جیهان لای خاڵی ته‌رازووه‌که‌ی ته‌واو ناکات.

وتار

کێن ئەوانەی ئاگر لە جەستەی نیشتمان بەردەدەن؟!!

                               نووسینی :ئیبراهیم ئیسماعیل پوور(شەماڵ)

 

ئا:خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. واتە تاکی نیشتمانپەروەر کاتێک ئەم ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و دڵ دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێرو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟

ئاخۆ نیشتمان جیا لەم ئاو و خاک و گیاندار و شاخ و بەرد و سروشتەیه که مرۆڤ وەکوو زێد و مەوتەن تێیدا دەژی؟ ئەم خۆشەویستییه چۆن لە دڵ و دەروونی تاکی کۆمەڵگادا دروست دەبێ؟

 

ادامه نوشته

وتار

 

             

قانع و کێشەی نەتەوایەتی

                         نووسینی: ئیبراهیم ئیسماعیل پوور

دای لە دڵ سۆزەی شەماڵێک وەک نەسیمی بەربەیان

دێتە مێشکم هاژەهاژێ وەک فوارەی قەڵپەزان

جاڕی دا بولبول لە گوڵشەن ئەی گرۆهی ئاشقان

سەف بپێکن ڕاوەسن پیاو و ژن و پیر و جوان

مەیلی بێداری ئەکا بەختی خەواڵووی کوردەکان

نەتەوە گەورەترین کۆمەڵی ئینسانییە کە هۆی پێوەندی ئەو کۆمەڵە فەرهەنگ و زانیاری هاوبەشە. هەرچەند ئەو پێوەندییانە بەهێزتر بن و لە نێوان ئەو کۆمەڵەدا شوێنی بەرچاوتریان هەبێت ؛یەکیەتی و یەکگرتووی نەتەوە زیاترە.

         

 

ادامه نوشته

وتوێژ

تاثیر دولت ها بر زبان مادری چیست؟

دولت ها در برابر زبان مادری شهروندان خود مسئول هستند دولت هایی که دارای ملیت های گوناگون هستند و یک زبان را در راس قرار می دهند و زبان های دیگر را فراموش می کنند در پیشگاه ملت خود مسئول هستند و بایستی رویکرد خویش را تغییر دهند. یکی ازاستراتژی های بسیار حیاتی در منطقه ی ما این است که دولت های دارای ملت های متعدد بایستی از نگاه امنیتی به مقوله ی آموزش به زبان های مادری در مدارس بپرهیزند. دولت هایی که توجه نمودن به زبان های مادری را در داخل مرزهای خود را تهدید به حساب می آورند بدون شک با تهدید اساسی از دست دادن اطمینان شهروندان مواجهه می شوند و خسارت جبران ناپدیری را باید متحمل شوند. از طرفی دولت ها می توانند با برنامه های درست و منطقی حامی زبان های مادری باشند وضمن ادای حقوق شهروندان یک کشور و حفظ زبان های مادری به زبان ملی نیز کمک شایانی نمایند. اگر زبان مادری از سوی دولت ونهادهای مهم دولتی پشتیبانی شوند رسانه ها و خانواده ها و در نهایت جامعه در پویایی خاصی به سر می برند و جامعه از آرامش برخوردار می گردد، به چالش کشیدن ها از میان برداشته می شود و عدم اطمینان شهروندان جای خود را به خرسندی و احساس شهروند بودن می دهد.

honrawe

 

"وانە"

منداڵ

 کە دەستەکانی گرێ بدا و

 لە بەردەم فریشتەی وشەدا

 دۆش دامێنێ

بە دەم حەزێکی تاساوەوە

 گوڵی خولیای

 لە نێو دڵە بچکۆڵەکەیدا

 بژاکێنێ

 لە سەقەتدا گەشە بکا و

 قوفڵێکی کلیل ون بووی جادووگەرێ

 زمانی پڕ لە بەستە و شێعری

 بتاسێنێ

 داڵە پیتی نەتەوی

 لە قاقڕێکی بێ شوناسدا پەپوولەی هزری

 بتارێنێ

 ڕاست ئەوکاتەیە

 کە کۆتری گیانی

 لە هێلانەی ڕۆحی دایکی شار بەدەر دەکرێ و

 غەریب غەریب

 بە زمانێکی تر دەخوێنێ

(ئیبراهیم ئیسماعیل پوور_ شەما

 

شێعر

هەستی ئەو دیوی شیشه

ئەستەمە جارێكێ بەدڵ بفڕێمه نێو جەغزی هەوات

ئێسته لە وایبێڕ دەخزێی هەستم چلۆن دێتەوە لات

تۆ له گڵۆپێکی دەچی چینە  له بۆ   تین  و  چرام

تاقە شەوێ ڕوونی بەڵام سەد شەوی تر خاڵی له وات

ڕۆحمه له توێی بەندی شێعر دێت و ئەتۆ شکڵەک دەدەی

قوڕ بە سەرم بیخەمە جێی لێو و بزە و چاو و نیگات

دەستێ لە نێو دەستی ئەو و گوێچکە لە نێو دەنگی گەڵا

ئێستە لەسەر لەمسی ئەم و دەنگی پەیامن هەموو کات

یادی بەخێر  دەست و دڵم  بۆن  و نەشەی  ژینی ئەدا

شێعری لە نێو دەفتەری من بۆنی قژی تۆی لێدەهات

(ئیبراهیم ئیسماعیل پوور- شەماڵ)

دیمانە

 

 

بەرەو لووتکەی داهێنان

ئامادە کاری دیمانە:فەرهاد محەمەد جانی (ئەم دیمانە بۆ سیروان کرا)

بیوگرافی خۆتان :

له پایزی ساڵی 1350ی هەتاوی له ئاوایی قاقڵاوای سەقز ، لە هەواری پڕ لە ڕەنگ و جوانی ئەو مەڵبەندە و لە هاوسێیەتی دیوەخانە شێعراوییەکەی مامۆستا ئاوات هاتوومە جیهان .لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی ساکاردا منداڵیم لەو گوندە تێپەڕ کردووە و وەک مراوی لەدەم چۆم و ئاوی ئاوایی هاوینە گەرم و دڵڕفێنەکانم بە زستانەوە گرێ داوە و لە بەر بەڕۆچکی زستانە پڕ لە جوانییەکانی ئەو قەدپاڵە لەگەڵ خەونی گەزیزە و شنەی شەماڵ چاوم بڕیوەتە خۆری بەهاری . پاش تەواوکردنی خوێندن لە زێدی خۆم و شارەکانی بۆکان و سەقز ، بوومەتە مامۆستای قوتابخانە و لە گوندەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە و گەورک و فەیزوڵڵابەگیی سەقز وانەم گوتۆتەوە . لە تەربییەت مەعەلیمی سنە و هەمدان لە ڕشتەی پەروەردەی سەرەتاییدا فەوقەدیپلۆمم وەرگرتووە و دواتر بۆ وەرگرتنی لیسانس لە هەمان ڕشتەدا چوومەتە زانستگای ئازادی مەهاباد.ساڵی 1384لە تاران ماستەرم لە ڕشتەی مێژوو و فەلسەفەی پەروەردەدا وەرگرت و تا ئێستاش لە دەبیرستانەکانی شاری سەقزخەریکی وانەگوتنەوەی کۆمەڵناسی و فەلسەفەم. دوو دەورە لە مانگنامەی ڕاساندا کاری ڕۆژنامەوانیم کردووە و دەبیری بەشی کۆمەڵگا و کوردی ئەم مانگنامەیە بووم .لە ساڵی 1383دا بە هاوکاری کۆمەڵی فەرهەنگی سۆمای مەهاباد ،لە شاری سەقز فێرگەی زمانی کوردی سۆمام داناوە و ئێستاش بەردەوامە
ادامه نوشته

هۆنراوە

 

ترس

نیگات پەنجەی لەسەر ترسە و

 بستێ لە ئاسمان ناپێوێ

 پەنجەت لە سەر نیگا قورسە و

برژانگی حەزێ نائەنگێوێ

 چاوەکانت بە روخساری کێ دەسپێری؟

 لێرە هەستی لە رووی هەموو کەسێ ونە

 شیلە و هەوێن بە شۆڕابە بە سەرماندا دەباڕێن و

دڵۆپێکی لێ شک نابەین

 هەوێندانی خۆکردییمان پەرداخێکی سەراوبنە

                                                        

وەرگێڕان

 

مام مەلا دەیگوت کە گیرا نابێ دوعای ئەو کەسەی

پەنجەکانی  داوەتە  بن     گڵێنەی    پڕ لە    مەی

هاتە دەنگ لێی پیره مەستێ گەر ببێ جامێ لە دەست

کێ دەخوازێ لەو خودایەی هیچ شتێ تر جیا لەوەی

 

 واعظ گفتا کە نیست مقبول دعا
زان دست کە آلود بە جام صهبا
رندی می‌گفت تا بود جام بە دست
دیگر بە دعا کسی چه خواهد ز خدا؟
(سرخوش کشمیری. شاعیری سەدەی دوازدەی هیجری)

هۆنراوە

 

کەوەکەم ، دەنگی لە نێو شێعرم ئەتۆی

تۆ خوڕەی کاتێ لە نێو خوێنم ئەڕۆی

تۆ دەوەنی پڕ لە گوڵی باغی دەمی

لەشی حەیرانی ئەتۆ بەژنی گەلۆی